بەدواداچوونێكی رووداو: مارکێتەکانی هەرێمی کوردستان پڕن لە شیری قوتوو و تەنانەت شیری بێمۆڵەتیش دەفرۆشن

06-08-2025
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
دووکانێکی فرۆشتنی شیری قوتوو. وێنە: رووداو
دووکانێکی فرۆشتنی شیری قوتوو. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

شیرپێدانی سرووشتی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییە. ئەمە دروشمی بەردەم نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێرە، بەڵام سەرەرای ئەوەی کە هەمووان دەزانن شیری دایک چەن تەندروستە بۆ منداڵ، بەشێک لە دایکان هەر لە دەستپێک یان پاش چەند مانگ شیری قوتوو دەدەن بە منداڵەکانیان. پسپۆڕێک دەڵێت، چاولێکەری و نەشتەرگەریی منداڵبوون بوونەتە هۆکاری زۆربەکارهێنانی شیری قوتوو.
 
ئەم فرەبڕاندییە و جۆرە جیاوازەی شیر ماڵباتەکانی تووشی سەرلێشێواوی کردووە لەوەی کە کام شیر گونجاوە بۆ منداڵەکانیان؟
 
لە مارکێت، دەرمانخانە و دووکانی تایبەت بە کەلوپەلی منداڵان شیری وشک دەستدەکەوێت، لە زۆربەیان 25 تا 30 جۆر شیرم بینی. لە 10 وڵاتی جیاوازە هاوردە دەکرێن بە نرخی نێوان 7 بۆ 60 هەزار دینار.
 
پێشڕەو حەیدەر، فرۆشیارێکە و دەڵێت: هەندێک شیر هەیە تامی تێدەکرێت، ئەمەش وایکردووە منداڵ زیاتر حەزی لێی بێت.
 
بە سەردانێکی مەیدانی بۆم دەرکەوێت کە جیلی ئێستا زیاتر شیری وشک بە منداڵەکانیان دەدەن، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە سەرقاڵن و شیری خۆیان کەمە. بەڵام ئەمە دایکانی جیلی کۆن لەگەڵیدا نین. 
 
دایکێک دەڵێت: ئەم خانمە دەڵێت، چەند شیری دایک بدرێت بە منداڵ ئەوەندەش زیاد دەکات و نموونەیەک دەهێنێتەوە کە دایکی شیری خۆی داوە بە منداڵەکانی.
 
هەموو لێکۆڵینەوە زانیستییەکان سەلماندویانە پێوسیتە هەموو منداڵێک تاوەکو تەمەنی دوو ساڵ بە بەردەامی شیری دایکی بخوات.
 
د. سۆران سابیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت، ''لەبەر رێکلامی زۆر بۆ شیرە قوتووەکان و زۆربەکارهێنانیان، وەکو مۆدێلێکی لێهاتووە کە هۆکاری یەکەم چاولێکەرییە و دووەم هۆکاریش نەشتەرگەریی منداڵبوونە''.
 
بە پێی بەدواداچوونەکانی من بۆ هاوردەکردنی شیری قووتوو، پێویستە هەر کۆمپانیایەک پێنج بەڵگەنامەی تایبەت بۆ وەزارەتی تەندروستی ئامادە بکات و بە چەندین پشکنین دەرباز بێت، بەڵام هیچ مەرج و رێگرییەک بۆ هاوردەکردنی ئەم هەموو بڕاندە نییە و بگرە ئەو شیرە وشکانەش لە بازاڕدا دەستدەکەون کە هیچ مۆڵەتێکیان لە وەزارەتی تەندروستییەوە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە