رووداو - تەندروستی
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق تایبەت بە رووداو دەڵێت: رێژەی دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان جێگیرە و بەپێی رێژەی ژمارەی دانیشتووان دابیندەکرێت و بەشێوەیەکی ناوەندی دابەشدەکرێت، وەزیری تەندروستیش گوتی، بایەخ بە ئاسایشی دەرمان لە عێراق دەدەین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئاداری 2024 لەمیانەی کردنەوەی کارگەیەکی ژیناو لە سلێمانی د. ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، ئامانجمانە پیشەسازیی دەرمان جێگیر و بەنیشتمانیی بکەین.
د. ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق دەڵێت: ''ئەمڕۆ هێڵێکی نوێی بەرهەمهێنانمان کردەوە لە کۆمپانیای پایۆنیر بۆ پیشەسازیی دەرمان کە چالاکانە بەشداردەبێت لە جێگیرکردنی پیشەسازیی دەرمان و دابینکردنی ئاسایشی دەرمان لە نێو عێراق''.
حەسناوی دەشڵێت: ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتەکەمان بریتییە لە جێگیر و بەنیشتمانیکردنی پیشەسازیی دەرمان کە تایبەتە بە دەرمان، پێداویستیی پزیشکی و تەندروستی.
د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق تایبەت بە رووداو گوتی، پێویستە سیستمی دابەشکردن و فرۆشتنی دەرمان و بەیەکەوە بەستنەوەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە کەرتی تایبەتی عێراقدا لەسەر ئاستی نیشتمانی یەکبخرێت.
سەیف بەدر گوتیشی، ''دەبێت سیستمێکی یەکگرتوو هەبێت و لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کار بکات بۆ رێکخستن و پاڵپشتیکردنی سیستمی یەکخستنەوەی دەرمان لەسەر ئاستی نیشتمانی''، هاوکات ئاماژە بەوەشدەکات، ئەمە بڕیاری حکومەتی عێراقە و هەموو لایەنەکان پشتیوانیی دەکەن کە کارگەکانی دروستکردنی دەرمانی نێو عێراق دەپارێزێت و رێگریدەکات لە ساختەکاری و ئاڵۆگۆڕکردنی نایاسایی، بۆیە دەبێت هەمووان جێبەجێی بکەن.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەبارەی رێژەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت: لەم ساڵانەدا رێژەکە زیاتربووە و رێژەی هەرێمی کوردستان جێگیرە کە بەپێی رێژەی ژمارەی دانیشتووان دابیندەکرێت و بەشێوەیەکی ناوەندی دابەشدەکرێت، هاوکات ئەو گوتەبێژەی تەندروستیی عێراق باسی ئەو دەرمانانە دەکات کە وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی لە رێگەی کیمادیا لە دەرەوە هاوردەی دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئاداری 2024 بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی عێراق کارگەیەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنان و دروستکردنی ژیناو لەلایەن کۆمپانیای پایۆنیر کرایەوە، ئامانج لە کردنەوەی کارگەکە بەرهەمی زیاتری ژیناوە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق.
ژیناوەکان بە قەبارەی 100 ملیلیتر تاوەکو 5000 ملیلیتر دەبن و بە گوتەی کۆمپانیاکە، ئاستی بەرهەمهێنانیان بەجۆرێک دەبێت کە هاوردەی هەریەک لە وڵاتانی عومان، ئیمارات و ئوردنیش بکەن.
بەگوێرەی کۆمپانیای پایۆنیر، کارگەیەکە هەلی کار بۆ 400 کەس دەڕەخسێنێت و توانای بەرهەمهێنان لە 30 ملیۆن بتڵی ژیناو بۆ 65 ملیۆن بتڵ لە ساڵێکدا بەرزدەکاتەوە.
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دوای مەراسیمی کردنەوەی کارگەکە.