رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، لە رۆژی جیهانیی تەندروستیدا داوا لە هەموو خەڵکی جیهان دەکات کە پابەندبوونی خۆیان بە پێکەوەکارکردن و پشتگیریکردن لە زانست نوێ بکەنەوە، وەک دوو هێزی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی تەندروستییەکی باشتر.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات تەندروستیی مرۆڤ لە ماوەی سەدەی رابردوودا گۆڕانکارییەکی قووڵی بەخۆیەوە بینیوە، کە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنی زانستی و هاریکاریی نێودەوڵەتی، رێژەی مردنی دایکان لە ئاستی جیهاندا لە ساڵی 2000ـەوە بە رێژەی زیاتر لە 40% دابەزیوە و مردنی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵیش بە رێژەی زیاتر لە 50% کەمبووەتەوە.
WHO دەڵێت سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، هەڕەشەکانی سەر تەندروستی بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، تێکچوونی ژینگە، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان و گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکانەوە لە گەشەکردندان.
تیدرۆس ئەدهانۆم گێبریسیوس بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "زانست یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکانی مرۆڤایەتی بۆ پاراستن و باشترکردنی تەندروستی، خەڵک لە هەموو وڵاتێکدا بە تێکڕا تەمەنێکی درێژتر و تەندروستتر دەژین بە بەراورد بە باوباپیرانیان، ئەمەش بەهۆی هێزی زانستەوەیە، ڤاکسین، پەنسیلین و ئامێرەکانی MRI تەنیا هەندێکن لەو دەستکەوتانەی کە زانست پێشکێشی کردوون و ژیانی ملیارەها کەسیان رزگارکردووە."
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ماوەی 78 ساڵی کارکردنیدا لە پێشەنگی گۆڕانکارییە زانستی و تەندروستییە جیهانییەکاندا بووە، بۆ نموونە لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی سارس (SARS) لە ساڵی 2003، رێکخراوەکە تۆڕێکی جیهانیی تاقیگەکانی هاوئاهەنگ کرد بۆ هاوبەشکردنی ئاماری راستەوخۆ، کە بووە هۆی ناسینەوەی خێرای ڤایرۆسەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ