رووداو - تەندروستی
لە هەولێر پێشبڕکێیەکی کتێبخوێندنەوە لە نێوان چەند قوتابخانەیەک بەڕێوەچوو، پسپۆڕێکی منداڵان دەڵێت: خوێندنەوە باشترین وەرزشە بۆ مێشک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی شوباتی 2024 لە هۆڵی چالاکیی قوتابخانەکان لە هەولێر رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵات بەو قوتابییانەی لە پێشبڕکێی کتێبخوێندنەوە بەشداربوون ئەنجامدرا.
لە پێشبڕکێکەدا زیاتر لە 33 قوتابخانە بەشداربوون، د. محەممەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشە یەکێکە لە سەرپەرشتیارەکانی پڕۆژەکە و گوتی، بۆئەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی بەرزبێت، پێویستمان بە خوێندنەوە دەبێت، هەروەها دەڵێت: ''هەر کەسێک بخوێنێتەوە، ئەوا ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە کەمدەبێتەوە''.
ئەو پسپۆڕە لەنێو کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی پێشبڕکێکەدا گوتی، ''هەر تاکێک پێویستە جگە لە وەرزشی جەستەیی، بایەخ بە جۆرێکی دیکەی وەرزش بدات کە وەرزشی مێشکە، ئەمەش لەڕێگەی خوێندنەوەوە دەکرێت''.
د. محەممەد حەسەن ئاماژە بەوەشدەکات، توێژینەوەکان سەلماندوویانە، خوێندنەوە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە وەکو ئەلزەهایمەر کەمدەکاتەوە و تواناکانی مێشک باشتردەکات.
دلین کامەران، قوتابییێکی بەشداربووە و دەڵێت: ''مامۆستاکان فێریان کردین کە چ کتێبێک بخوێنەوە و چ کتێبێکیش هەڵبژێرین''، هەروەها باسی ئەوەشدەکات کە رۆژانە دوو بۆ سێ کاژێری بە کتێبخوێندنەوەوە بەسەربردووە.
رەوێن عوسمان، قوتابیێکی دیکەی بەشداربووە و دەڵێت: کتێب فێرمان دەکات کە ئومێدمان هەبێت و باشتر بیربکەینەوە لە بوارەکانی ژیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ