کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان: کوالێتیی چارەسەرەکانی تووشبووانی تالاسیمیا خراپە

08-05-2024
شکار رێبوار
کۆچەر کەریم، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان. وێنە: رووداو
کۆچەر کەریم، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان ئاشكرای دەکات، ئەو 'حەب'ـەی بۆ چارەسەر بە تووشبووان دەدرێت کوالێتیی خراپە و ژیانی تووشبووان تێکدەدات، تەنانەت دەڵێت: ''تووشبووانی تالاسیمیا ژیانێکی شایستە و دابینکردنی چارەسەری گونجاویان پێویستە''.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی ئایاری 2024 کۆچەر کەریم، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، لە ساڵی رابردووەوە بڕیاری ناردنە دەرەوەی تووشبووانی تالاسیمیا بۆ چارەسەر دەرچووە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەکراوە و تەنیا ئامادەکاری کراوە.
 
کۆچەر کەریم دەڵێت: زۆرینەی تووشبووانی تالاسیمیا لە خوار تەمەنی 18 ساڵەوەن و بەتایبەتیش زۆرینەیان ئەوانەن کە دایک و باوکیان هەڵگری نەخۆشییەکەن.
 
کۆچەر کەریم لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، ''خۆشبەختانە لە سلێمانی چارەسەری چاندنی مۆخ بۆ تووشبووانی تالاسیمیا دەکرێت و تائێستا نزیکەی 60 تووشبوو چارەسەرکراون''. 
 
کۆچەر کەریم داوادەکات کە تووشبووانی تالاسیمیا لە کلینیکە راوێژکارییەکانی ئێوارانیش هاوشێوەی راوێژکارییە بەیانییانییەکان، بە بێبەرامبەر چارەسەریان بۆ بکرێت.
 
هاوکات روونی دەکاتەوە، ئەو دەرمانەی لە شێوەی دەنکۆڵە 'حەب' بۆ تووشبووانی تالاسیمیا بەکاردێت، بۆ بەشێکی تووشبووان کاریگەریی لاوەکیی زۆری هەیە و کوالێتیی ژیانیان تێکدەدات، بۆیە پێشنیازدەکات، جۆرە کوالێتیی بەرزەکانی ئەو دەرمانە دابینبکرێت.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان دەڵێت: ''تووشبووانی تالاسیمیا ژیانێکی شایستە و دابینکردنی چارەسەری گونجاویان دەوێت''. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە