رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: پێویستە دەرمان بۆ هەموو تووشبوویێکی تالاسیمیا دابینبکرێت

08-05-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربووەنەوەی نەخۆشیی تالاسیمیایە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، پێویستە دەرمان بۆ هەموو تووشبوویێکی تالاسیمیا دابینبکرێت و جەختیش لە دادپەروەریی دابینکردنی دەرمان بۆ تووشبووانی تالاسیمیا دەکاتەوە.
 
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، لە دایک و باوکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکانی، تیایدا هیمۆگڵۆبین کە پڕۆتینێکی خوێنە و کاری گواستنەوەی ئۆکسجینە، بە شێوەیەکی نائاسایی دروستدەبێت و گواستنەوەی ئۆکسجین کەمدەبێتەوە.
 
بەپێی کلیڤلاندی پزیشکی، کەسی تووشبوو بە تالاسیمیا هیمۆگلۆبینی زۆر کەم بەرهەم دەهێنیت یاخود هەر توانای بەرهەمهێنانی نییە کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمخوێنی. 
 
درووشمی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تالاسیمیا لەمساڵدا بریتییە لە "باشترکردنی شێوازی ژیان و دابینکردنی دەرمان بۆ تووشبووان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە".
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی جەخت لەسەر دابینکردنی دەرمان لەکاتی خۆیدا دەکات بۆ رێبازێکی یەکگرتوو لە مافی نەخۆشەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەموو بژاردەکانی چارەسەری بەردەست، پەسندکراو و سەلامەت تاوەکو باشترین کوالێتیی ژیان پێشکێش بە تووشبووانی تالاسیمیا بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە