رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری سەنتەری راوێژکاریی شەهید لەیلا قاسم بۆ نەخۆشیی شەکرە رایدەگەیێنێت، تەنیا لە سێ مانگی ئەمساڵدا 26 منداڵی نوێی تووشبووی شەکرە تۆمارکراون.
د. مەهدی حەمەدەمین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان و بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت: لە سەرەتای بنیاتنانی سەنتەرەکەوە {ساڵی 2007} تائێستا هەزار و 368 منداڵی تووشبووی شەکرە تۆمارکراون، بەجۆرێک تەنیا پارساڵ 84 تووشبووی نوێ هەبوون و لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵیش 26 منداڵی تووشبوو تۆماکراون.
د. مەهدی حەمەدەمین ئاماژە بەوەدەکات، ئێستا ژمارەی تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو لەنێو منداڵان زیادبووە، بەجۆرێک لە زۆربەی وڵاتان سێیەکی منداڵە تووشبووەکان، جۆری دووەمی شەکرەیان هەیە کە ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی تەندروستیی وڵاتان کاری جیدی لەسەر بکەن و رێگری لە نەخۆشییەکە بکەن.
هاوکات ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: کەمیی جووڵە و ناتەندروستیی خۆراکی منداڵان هۆکاری سەرەکین بۆ زیادبوونی شەکرەی جۆرەی دوو، چونکە لە رابردوودا ئەو جۆرە شەکرەیە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن باو بوو، بەڵام ئێستا منداڵانیش دووچاری دەبنەوە.
د. مەهدی حەمەدەمین پێشنیازدەکات، پشکنینی شەکرە بۆ منداڵانی تەمەن 10 ساڵ یان زیاتر بکرێت، بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە قەڵەو بێت و یەکێک لەم هۆکارە مەترسیدارانەى هەبێت:
- تووشبوون به جۆری دووەمى شەکرە لەنێو ماڵباتی منداڵەکە.
- دایکى منداڵەکە تووشی شەکرەى دووگیانی بووبێت لەماوەی دووگیانی بە منداڵەکە.
- دەرکەوتنی نیشانەکانی بەرگریی ئەنسۆلین وەکو کیسى هێلکەدان.
- کورد بە یەکێک لەو رەچەڵەکانە دادەنرێت کە جۆری دووەمى شەکرە باوە لە ناویان.
لە کۆتاییشدا دەڵێت: ''بۆ پاراستنی منداڵان لە تووشبوون بە جۆری دووەمى شەکرە، دەبێت جۆر و بڕی خۆراک، وەرزش و جووڵەی رۆژانە رێکبخرێن، بۆ ئەوەی بیانپارێزێت لە قەڵەوی و تووشبوون بە شەکرە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ