نەشتەرگەرییەکی دەگمەن نەخۆشێک لە شۆردنی بەردەوامی گورچیلە رزگاردەکات

08-11-2023
شکار رێبوار
شکار رێبوار
تیمی پزیشکیی نەشتەرگەرییە دەگمەنەکە. وێنە: د. هیوا عەبدولڕەحمان بۆ رووداوی ناردووە
تیمی پزیشکیی نەشتەرگەرییە دەگمەنەکە. وێنە: د. هیوا عەبدولڕەحمان بۆ رووداوی ناردووە
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە هەولێر نەشتەرگەرییەکی دەگمەن ژیانی نەخۆشێک لە شۆردنی بەردەوامی گورچیلە رزگاردەکات، سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەکە تایبەت بە رووداو دەڵێت: توانرا بە سەرکەوتوویی هەشت گرێی شێرپەنجەیی لەسەر گورچیلە و رژێنی ئەدریناڵینی نەخۆشەکە لاببرێن، بەبێ لابردنی گورچیلەکەی. 
 
رۆژی چوارشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2023 د. هیوا عەبدولڕەحمان چۆمانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ لە بوولتەنی تەندروستیدا بە رووداوی گوت، لە نەشتەرگەرییەکەدا هەشت گرێی شێرپەنجەیی گورچیلە و رژێنی سەر گورچیلە لابردران، کە قەبارەکانیان لە 1.5 سانتیمەتر تاوەکو 6 سانتیمەتر بوو.
 
د. هیوا عەبدولڕەحمان گوتیشی، بەهۆی ئەوەی نەخۆشەکە تووشبووی نەخۆشییەکی دەگمەن بوو بە ناوی 'کۆنیشانەی ڤۆن هیپڵ'، بۆیە بڕیارماندا کەسی تووشبوو گورچیلەکانی بهێڵدرێتەوە و لە ئەگەری هەر ناڕێکییەک و کێشەیەک لە گورچیلەکانیدا هەوڵی پاراستنیان بدرێت. 
 
ئەو پسپۆڕەی میزەڕۆ دەڵێت: ''ئێمە بەس تەنیا گرێ و کیسەکانی سەر گورچیلەمان لابرد بێ ئەوەی گورچیلەی کەسەکە لاببەین، بەمەش پاراستمان لە شووشتنی بەردەوامی گورچیلە و تووشبوونی بە پاشهاتی مەترسیداری شێرپەنجە''. 
 
لە بارەی دەگمەنیی نەشتەرگەرییەکەوە ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەدەکات، لە هەرێمی کوردستان کەسانی پسپۆڕ و ئاست بەرز زۆرن کە دەکرێت پشتیان پێ ببەسترێت و زۆرێک لە کێشە و ناڕێکییە تەندروستییەکان چارەسەربکەن. 
 
بە گوتەی پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی میزەڕۆ، هەر کەسێک لە خێزانەکانیان تووشبووی ناڕێکیی گورچیلە و کێشەکانی میزەڕۆیان هەبوو، ئەوا شەش مانگ جارێک 'پشکنینی پێشوەختە' بکەن، تاوەکو لە ئەگەری هەر ناڕێکییەک دەستنیشانبکرێن و چارەسەریان ئاسانبێت.
 
لە کۆتاییدا د. هیوا چۆمانی گوتی، تائێستا دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە و فەرمانەکانی گورچیلەکانی باشە و رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە. 
 
تیمێکی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر رێگەیەکی جیاواز بۆ لابردنی گرێی شێرپەنجەیی گورچیلە و رژێنی سەر گورچیلە بەکاردەهێنن و ژیانی تووشبووەکەیان لە شۆردنی بەردەوامی گورچیلە رزگارکرد، نەشتەرگەرییەکە نزیکەی دوو بۆ سێ کاژێرێ خایاند و لەگەڵ ستافێکی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکە بە سەرپەرشتی د. هیوا عەبدولڕەحمان چۆمانی نەشتەرگەرییەکە کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە