توێژینەوەیەک: ناکۆکیی نێوان هاوژینان منداڵەکانیان تووشی خەمۆکی دەکات

09-05-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، پەیوەندیی نێوان هاوژینان کاریگەریی راستەوخۆ دەکاتە سەر دەروونی منداڵەکانیان.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆهایۆ لە ئەمەریکا کرا و دەرکەوت، ناکۆکیی نێوان هاوژینان و دەمەقاڵێی نێوانیان کار دەکاتە سەر دەرووندروستیی منداڵەکانیان و کەشێکی نەرێنی بۆ پەروەردەکردنیان دروستدەکات.
 
کەیت گاولیک، توێژەرێكی توێژینەوەکەیە و دەڵێت، ''ئەم جۆرە مامەڵەکردنە نەرێنییە دەروونی منداڵ دەشێوێنێت، بە جۆرێک هاوارکردن، جنێودان، رەخنەگرتن و پێداگری دەبێتە بەشێک لە رەفتاری رۆژانەیان''.
 
بێرنادێت مێلنیک، جێگری سەرۆکی بەرەوپێشبردنی تەندروستی و بەرپرسی سەرەکیی تەندروستی لە ویلایەتی ئۆهایۆ رایدەگەیێنێت: "ناکۆکیی نێوان دایک و باوکان، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی زیاتر دروستدەکات و رەفتار و سۆزداریی منداڵەکانیان خراپ دەبن".
 
تەنانەت پێشنیازدەکات، هاوژینان بە شێوەیەکی دروست رووبەڕووی ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان ببنەوە و رۆژانە کاتێک تەرخانبکەن بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بدەن بە تەندروستیی دەروونییان، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و چارەسەرکردنی کێشەکان.
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە لە لایەن دایک و باوکانەوە پەروەردەی منداڵەکانیان باشتر دەکات: 
 
1- بە منداڵەکانت بڵێ کە خۆشت دەوێن و نیشانیان بدە.
2- سەرنج بدە سەر رەفتاری باش.
3- دانانی خشتەیەکی تایبەت بە کاتی ژەمی خۆراک، کۆبوونەوەی خێزان و کاتی خەوتن.
4- مامەڵەکردنی دروست لەکاتی هەڵەکردنی منداڵ.
5- گوێگرتن لە را و بۆچوونی منداڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە