رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان رایدەگەیێنێت، هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا زۆر زیاددەکات و ئاوی پیسبوو و خۆراکی تێکچوو هۆکارە سەرەکییەکانن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی حوزەیرانی 2024 د. پشدەر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بوولتەنی تەندروستیدا دەڵێت: ''زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی سکچوون و رشانەوە لەم وەرزەدا باوە و تاڕادەیەک ئاساییە، بەڵام بەردەوامی لە سکچوون و رشانەوە پاشهاتی مەترسیداری دەبێت و پێویستە زوو چارەسەر بکرێت''.
بە گوتەی د. پشدەر عەبدوڵڵا، سکچوون و رشانەوە چارەسەرنەکرێن، ئەوا سستبوونی گورچیلەکان و وشکبوونەوەی تووندی جەستەی بەدواوەدێت و دۆخی تووشبووەکە دەخەنە مەترسییەوە.
لە بەشێکی قسەکانیدا پسپۆڕەکە ئاماژە بەوەدەکات کە خۆراک تەنیا یەک ژەم بخورێت و دووبارە گەرم نەکرێتەوە، ''بەڵام ئەگەر بۆ ژەمێکی دیکەش بەکارهات ئەوا دەبێت بە باشی بخرێتە نێو ساردکەرەوە، تاوەکو رێگری لە گەشەکردنی میکرۆبەکان بکرێت''.
هۆکارەکانی سکچوون و رشانەوە بە گوتەی پسپۆڕەکەی منداڵان ئەمانەن؛
* وردەزیندەوەرەکان 'ڤایرۆس، بەکتریا و مشەخۆرەکان'
* نەخۆشیی گەنم و جۆ
* هەستیاری بە پڕۆتین و جۆرە خواردنێک
* خواردنی شیرینییەکان
* ژەهراویبوون
* کۆڕۆنا
* چەندین هۆکاری دیکە
د. پشدەر عەبدوڵڵا چەند رێگەیەکی پێشگیریکردن لە سکچوون و رشانەوە پێشنیازدەکات وەکو؛
* ئاو بکوڵێندرێت و ساردبکرێتەوە ئینجا بەکاربێت
* هەڵگرتنی خۆراک لەنێو ساردکەرەوە و پاراستنی لە پلەی گەرمیی بەرز
* شۆردنەوەی سەوزە و میوە بەجوانی
* دەستشۆردنی بەردەوامی منداڵ
* پاکوخاوێنیی ئاودەست و ''حەمام''
* بەکارنەهێنانی خاولی، پەرداخ و کەوچکی کەسانی دیکە
* دوورکەوتنەوە لە خۆراکی دەرەوە بەتایبەت ''خۆراکی سەر عەرەبانەکان''
* باش کوڵاندنی گۆشت و خۆراک
لە کۆتاییدا د. پشدەر عەبدوڵڵا گوتی، لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەی تووند لەگەڵ سکچوون و رشانەوە ئەوا پزیشکی پسپۆڕ ببیندرێت و بە هەڕەمەکی دەرمان بۆ کەسی تووشبوو بەکارنەیەت، چونکە هۆکارەکان جیاوازن و ئەمەش واتە چارەسەرەکانیش جیاواز دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ