کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک: ڤاکسینەکەمان دژی کۆرۆنا 90% سەرکەوتووە

09-11-2020
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
نیشانەکردن ڤاکسین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کێبڕکێی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهاندا بەردەوامە، لە دوایین تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک "سەرکەوتنی" ڤاکسینەکەیان رادەگەیێنن و دەڵێن، ڤاکسینەکەیان 90٪ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا دەکات.
 
ئەوە یەکەمجارە کۆمپانیایەک داتا و زانیاریی لەبارەی تاقیکردنەوەکانی بخاتەڕوو و ئەنجامەکانیشی رێژەیەکی بەرزی سەرکەوتنی بەدەستهێنابێت. بەپێی راگەیاندنی کۆمپانیای فایزەر و بایۆتێک، "تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەرییەکی خراپی تەندروستییان لە بەکارهێنەرانی ڤاکسینەکە بەدی نەکردووە".
 
بڕیارە لە کۆتاییەکانی تشرینی دووەم ڤاکسینەکە بدرێتە رێکخراوە تەندروستییەکان بۆ پشتراستکردنەوەی ئەنجامەکان. دوای بە دوای بڵابوونەوەی هەواڵەکەش نرخی پشکەکانی کۆمپانیای فایزەر 15٪ و کۆمپانیای بایۆتێک 25٪ بەرزبووەوە.
 
لەبارەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەوە کۆمپانیاکان رایانگەیاند، دەتوانن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 50 ملیۆن دروستبکەن، ساڵی داهاتووش ملیارێک و 300 ملیۆن دانەی دیکەی لێ بەرهەمبێنن.
 
پێشتر ئەلبێرت بۆورلا، سەرۆکی کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی رایگەیاندبوو، کۆمپانیاکەیان وەک یەکێك لە گەورەترین بەرهەمهێنەرەکانی جیهان، لە قۆناخی کۆتاییدایە بۆ دروستکردنی ڤاکسینێك کە لەسەر 30 هەزار کەس تاقیدەکەنەوە. بەڵام هێشتا دیار نییە کە ڤاکسینەکە تاوەکو چەند مانگ دەتوانێت رێگری نەخۆشییەکە بکات.
 
بەپێی تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیای فایزەر، ڤاکسینەکە بۆ تەمەنی 16 تاوەکو 85 ساڵ گونجاوە، و لە دوایین قۆناخدا تاقیکردنەوەیان لەسەر 43 هەزار کەس کردووە، لەو ژمارەیەش چاودێری 94 کەسیان کردووە کە 86 کەسیان ئەنجامی ئەرێنییان وەرگرتووە لە ڤاکسینەکە.

 

ئەلبێرت بۆورلا لەبارەی "سەرکەتنەکەیان"ـەوە دەڵێت، ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە بۆ زانست و مرۆڤایەتی، "ئێمە گەیشتووینەتە خاڵێکی گرنگ لە پەرەپێدان بە ڤاکسینەکەمان، لەکاتێکدا کە هەموو جیهان پێویستی پێیەتی، چونکە ژمارەی تووشبووان بەردەوامە لە زیادبوون و نەخۆشخانەکان پڕ بوون".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە