لە هەولێر رێپێوانێک بۆ هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوە لە شێرپەنجە بەڕێوەچوو

10-11-2023
شکار رێبوار
شکار رێبوار
ساتی دەستپێکردنی رێپێوانەکە. وێنە: رووداو
ساتی دەستپێکردنی رێپێوانەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە و هۆشیارکردنەوەی تووشبووان بە نەخۆشییەکە، لە هەولێر رێپێوانێک بەڕێوەچوو. 
 
رۆژی هەیینی 10ـی تشرینی دووەمی 2023 بە ئامادەبوونی بەشێک لە پسپۆڕانی شێرپەنجە، چالاکڤانان و هاونیشتمانییان رێپێوانێکی یەک کاژێری لە بەردەم پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر بە درووشمی ''بەیەکەوە بەرەنگاری شێرپەنجە دەبینەوە'' بەڕێوەچوو. 
 
رێکخراوی تەندروستیی ئاشتی بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەنتەری پینک لاین رێکخەری رێپێوانەکە بوون، وەلید حەیدەر، سەرۆکی رێکخراوەکە بە رووداوی گوت، ''ئامانجی سەرەکیمان هاندانی هاونیشتمانییانە لە ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە''.
 
درێژی رێپێوانەکە یەک کیلۆمەتر بوو و زیاتر لە 100 کەسی تەمەن جیاواز بەشداربوون، د. سامیە جەلال، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی شێرپەنجەی مەمک و رێکخەرێکی چالاکییەکە دەڵێت: ''لە وڵاتانی جیهان ریپێوانی لەم شێوەیە دەکرێت تاوەکو دەریبخات کە نەک تەنیا پزیشکان بەڵکو هاونیشتمانییان لە چین و توێژە جیاوازەکاندا پاڵپشتیی تووشبووانی شێرپەنجە دەکەن''.
 
د. سامیە جەلال ئاماژە بە بایەخی پشکنینی پێشوەختە دەدات کە هەنگاوی سەرەکیی هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییانە، هەروەها روونی دەکاتەوە، بە هۆشیارکردنەوە و پشکنینی پێشوەختە دەکرێت ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە کەمببێتەوە و زیاتر کۆنتڕۆڵبکرێت. 
 
ئەڤین رەمزی، بەشداربوویێکی رێپێوانەکەیە و دەڵێت: هەریەک لە پیاوان و خانمان، بەتایبەتیش خانمان پێویستە بایەخی زیاتر بە پشکنینی پێشوەختە بدەن، تاوەکو لە ئەگەری هەر کێشەیەک لە تەندروستییان، زوو چارەسەر وەربگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە