بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک: نزیکەی 40٪ـی خزمەتگوزارییەکانمان بە خۆبەخش بەڕێوەدەچن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
دکتۆر لونا خالید - د. ئەفراسیاب مووسا.
دکتۆر لونا خالید - د. ئەفراسیاب مووسا.
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە هەڤپەیڤینی تایبەتدا لەگەڵ د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک دەردەکەوێت، توانای مرۆیی لە تەندروستیی دهۆک هاوشێوەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە کورتیدایە و بەڕێوەبەری گشتی دەڵێت: کارمەندمان هەیە 25 ساڵە لە بەشی چاودێریی چڕ کار دەکات و کەس نییە جێگەی بگرێتەوە.
 
د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت: بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستیی دهۆک، 65٪ـی کارمەندمان کەمە و هەر کارمەندێکی تەندروستیی دهۆک کاری 5 بۆ 6 کارمەند دەکات.
 
بەگوتەی د. ئەفراسیاب، کارمەندیان هەیە 25 ساڵە لە بەشی چاودێریی چڕ کار دەکات و کەس نییە جێگەی بگرێتەوە و ژمارەیەکی زۆری خۆبەخشیشیان هەیە و دانەمەزراون. هاوکات ئەوەشی باس کرد کە نزیکەی 40٪ـی تەندروستیی دهۆک پشت بە خزمەتی خۆبەخشەکان دەبەستێت و هەرچەندە بۆ نەخۆشخانە نوێیەکان هەندێک کارمەندیان وەکو گرێبەست دامەزراندوون، بەڵام هێشتا کارمەندی پێویستیان نییە.
 
''رێکخراوی هیڤی چەندین ئامێر و پێداویستیی پزیشکی بۆ تەندروستیی دهۆک دابینکردووە''
 
تیمێکی ئیتاڵی لە دهۆکن و هیوا بۆ منداڵانی نەخۆش دەگەڕێننەوە و تیمەکە بە پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی قەستەرە و هێڵکاریی دڵ بۆ دەیان منداڵ لە دهۆک دەکات. د. ئەفراسیاب لەبارەیەوە دەڵێت: هێنانی تیمی بیانی کارێکی لەپێشینەمانە بۆ خزمەتی نەخۆشەکانمان و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ تیمی ئیتاڵی کردووە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵی منداڵان.
 
ئەوەشی باس کرد کە ''ئەو تیمە ئیتاڵییەی کە هاتوونەتە دهۆک، ئەزموونی خۆیان لەگەڵ پزیشکانی کوردستان بەش دەکەن و هێنانی ئەم تیمە ئیتاڵییە خەرجیی ملیۆنان دۆلاری لەسەر ئەستۆی ماڵباتی تووشبووان کەم کردووەتەوە''.
 
''ئەم ساڵ 165 منداڵی لەدایکبووی تووشبوو بە نەخۆشییە سکماکییەکانمان تۆمار کردووە''
 
لەبارەی ئامارێکەوە قسەی کرد و گوتی، ''زۆرینەی تووشبووی نەخۆشییە سکماکییەکان لەنێو کەمپی ئاوارەکانی دهۆکدان و ئەم ساڵ 165 منداڵی لەدایکبووی تووشبوو بە نەخۆشییە سکماکییەکانمان تۆمار کردووە''.
 
رێکخراوی هیڤی چەندین ئامێر و پێداویستیی پزیشکی بۆ تەندروستیی دهۆک دابینکردووە، بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگاکەش ئەمە بە گرنگ دەزانێت. 
 
''لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی کەرتی تەندروستی زۆر خاوە ''
 
د. ئەفراسیاب لەبارەی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی تەندروستی قسەی کرد و رایگەیاند، ژمارەی دەرمانخانەکان 100٪ زیاد بوون و پێویستە بە سیستم چاودێریی بکرێن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشخانە تایبەتییەکان زەحمەتە و پێویستمان بە بەئەلیکترۆنیکردنی زانیارییەکانیان هەیە.
 
لە کۆتاییدا گوتی، ''گرنگە کەرتی تەندروستی بەرەو بەئەلیکترۆنی بڕوات، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی کەرتی تەندروستی زۆر خاوە''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە