رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا یەکەم پشکنینی خێرای بۆ شێرپەنجەی ملی منداڵدان پەسند کرد.
دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، پشکنینەکە ناوی Teal Wandـە و بۆ دەستنیشانکردنی بوونی ڤایرۆسی پاپیلۆما HPV بەکاردێت کە هۆکارێکی باوی شێرپەنجەی ملی منداڵدانە.
بەگوتەی پسپۆڕان، ئەو پشکنینە لەڕێگەی ئامێرێکی شێوە فڵچەی ددان دەبێت و دەخشێندرێت بە چواردەوری زێدا، دواتر ئەو ئامێرە دەبردرێتە تاقیگە و پشکنینی لەسەر دەکرێت، پاشان لەڕێگەی تەکنەلۆژیایەکەوە ئەنجامی پشکنینەکە دەنێردرێتە ناوەندی پزیشکی و دوای هەفتەیەک بە ئەپلیکەیشنێک ئەنجامەکان بۆ کەسەکە دەنێردرێنەوە.
کۆمپانیای Teal Healthـی ئەمریکی بڕیاریداوە ئەم پشکنینە لە مانگی داهاتوودا بخاتە بازاڕەکانی کالیفۆڕنیاوە وئیدی خانمان لە ماڵەوە نموونە لە خۆیان وەردەگرن، بێ ئەوەی بچنە تاقیگەکان و نموونەی زێیان لێ وەربگیرێت بۆ پشکنینی بوونی ڤایرۆسی شێرپەنجەی ملی منداڵدان.
بەگوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا، خانمان دوای 25 ساڵییەوە پێویستە پشکنینی رۆتینی بۆ ڤایرۆسی HPV بکەن، شێرپەنجەی ملی منداڵدانیش یەکێکە لەو شێرپەنجانەی کە 100٪ پێشگیری لێدەکرێت ئەویش بە پشکنینی پێشوەختە و رێگەکانی خۆپارێزی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ