رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا کە تەمەنی 27 ساڵە.
رۆژی شەممە 11-6-2022، د.ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی گیانلەدەستدانی یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە خەڵکی گوندی گۆڕەزی ناحیەی خەلیفانە لە دەڤەری سۆران.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە دوای ئەوەی پشتڕاستکرایەوە کە تووشبووی تای خوێنبەربوونە، دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە و مانەوەی بۆ چارەسەریەکانی گیانی لەدەستدا.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن بۆ دووربوون لە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا چوار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی تای خوێنبەربوون، یەکێک لەوانە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
رۆژی 10-05-2022 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوونی راگەیاند و گوتی هاووڵاتییەکە تەمەنی 17 ساڵ تووشی تای خوێنبەربوون بووە.
دەقی راگەیێنراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان
یەکەمین حاڵەتی مردن بە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
بەداخەوە یەکێک لە گومانلێکراوانی پەتای خوێنبەربوون کە گەنجێکی تەمەن 27 ساڵە، خەڵکی گوندی گۆڕەزی ناحیەی خەلیفانە لە دەڤەری سۆران و پشتڕاستکردنەوەی وەکو تووشبووی نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە و مانەوەی بۆ چارەسەریەکانی و کوشندەیی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و وەکو یەکەمین حاڵەتی مردن بە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن بۆ دووربوون لە تووشبوون بە نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون.
د. ئاسۆ حەوێزی
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان
2022/6/11
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ