رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی بەشی داتا لە نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە شێرپەنجە لە سلێمانی رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە 1,300 کەیسی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجەیان تۆمار کردووە. سەنتەری شێرپەنجە لە دهۆکیش دەڵێت، ئەمساڵ زیاتر لە 400 کەیسی نوێی شێرپەنجەیان تۆمار کردووە.
رۆژی دووشەممە 12ـی حوزەیرانی 2023، دکتۆر محەممەد عەبدولوەهاب، لێپرسراوی بەشی داتا لە نەخۆشخانەی هیوا کە تایبەتە بە شێرپەنجە لە شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەردەستیان، ئەو رۆژانەی دەوامیان هەبێت 15 کەیسی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە تۆمار دەکەن.
لەبارەی دۆخی دەرمانەوە، دکتۆر محەممەد گوتی: "هەندێک جۆری دەرمان نەماوە، بەڵام بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەم کاتە ئێستا باشترە."
لێپرسراوی بەشی داتا لە نەخۆشخانەی هیوا گوتیشی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ 1,318 کەیسی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەیان تۆمارکراوە.
هەروەها دکتۆر چەکدار ئەحمەد، پسپۆڕی شێرپەنجە و یاریدەدەری سەرۆکی سەنتەری شێرپەنجە لە دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای دهۆک 1,430 کەیسی نوێی شێرپەنجەیان تۆمار کردووە. لەبارەی ئەمساڵەوە گوتی، بەگوێرەی نوێترین داتای بەردەستی زیاتر لە 400 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە سنوورەکەیان تۆمارکراون.
یاریدەدەری سەرۆکی سەنتەری شێرپەنجە لە دهۆک لەبارەی دەرمان و پێداویستییەکانیانەوە گوتی، جگە لەو دەرمانە بایۆلۆژییانەی کە نوێن و لە سەنتەرەکەیان نییە، زۆرینەی دەرمانە کیمیایی و پێداویستییەکانی دیکەی چارەسەری شێرپەنجە لە سەنتەرەکەیان بۆ تووشبووان بەردەستە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 4ـی شوباتی ئەمساڵ 71 هەزار و 74 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەنێویاندا ژمارەیەکی "زۆری" تووشبووان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە سێ ساڵی رابردوو بەردەوام رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە رووی لە زیادبوون کردووە.
تووشبووان لە ساڵی 2020
- هەولێر 3,050 کەس کە دەکاتە 48.4٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- سلێمانی 2,543 کەس کە دەکاتە 40.04٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- دهۆک 700 کەس کە دەکاتە 11.01٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
تووشبووان لە ساڵی 2021
- هەولێر 3,808 کەس کە دەکاتە رێژەی 48.1٪ــی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- سلێمانی 3,080 کەس کە دەکاتە 38.9٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- دهۆک 1,016 کەس کە دەکاتە 12.8٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
تووشبووان لە ساڵی 2022دا
ساڵی 2022 رێژەی تووشبوون بەرزبووتەوە و زیاتر لە 9 هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون، کە 35٪یان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون.
زۆرترین ژمارەی تووشتووانی شێرپەنجە لەناو ئافرەتانە و بە پلە یەکیش شێرپەنجەی مەمکە؛ هەروەها زۆرترین تووشبووانی شێرپەنجە لە منداڵاندا شێرپەنجەی خوێنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ