رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئیسپانیا ئاشکرای دەکات، بەشێک لە بەکتریاکان توانایان هەیە لەنێو فڕنی مایکرۆوەیڤدا بمێننەوە و تێکەڵ بە خۆراک ببن و ببنەهۆی ژەهراویبوون.
ئێستا توێژەرانی زانکۆی ڤالێنسیا لە ئیسپانیا مەترسییەکی فڕنی مایکرۆوەیڤیان دۆزیوەتەوە کە دەبێتەهۆی ژەهراویبوونی خۆراک بەوەی کە بەشێک لە بەکتریاکان توانایان هەیە لەنێویدا بمێننەوە، چونکە بەرگریی گەرمی و تیشکەکەی نێوی دەگرن.
لە توێژینەوەکە 30 مایکرۆوەیڤ لە شوێنی جیاواز پشکنران؛ 10 دانە لە رێستورانتەکان، 10 دانە لە ناندینی ماڵەکان و 10 دانەی دیکەش لە تاقیگە پزیشکییەکان {دەرکەوت کە 747 جۆری جیاوازی بەکتریایان تێدایە کە نەخۆشخەرن و هەندێکیشیان بەرگرییان دژی تیشکی فڕنەکە هەبووە}.
دانیال تۆرێنت، یەکێک لە سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''بەشێک لەو بەکتریا مەترسیدارانەی لەنێو فڕنی مایکرۆوەیڤی تاقیگەکان دۆزرابوونەوە، لەنێو ناندینی ماڵەکانیشدا هەبوون''.
هاوکات پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە ئەو جۆرە فڕنانە بە دروستی بەکاربهێندرێن و بە باشیش پاکبکرێنەوە، تاوەکو ئەگەری مانەوەی بەکتریاکان کەمببێتەوە.
تیشکی فڕنی مایکرۆوەیڤ مەترسیدارە؟
بە گوێرەی FDA، ئەو تیشکەی کە لەنێو فڕنەکە بەکاردێت هۆکارە بۆ گەرمبوونی خۆراکەکە کە ئەگەر زۆر بەر پێست بکەوێت دەشێت ببێتەهۆی سووتانی پێست و تەنانەت زۆر بەرکەوتن دەشێت زیان بە گلێنە بگەیێنێت، بەڵام هیچ زیانێکی جیدیی لەسەر تووشبوون بە شێرپەنجە و تێکدانی خانەکان نابێت، چونکە نائایۆنییە.
تیشکەکە نائایۆنییە واتە ئەو تیشکە نییە کە بۆ پشکنینی تیشکیی X بەکاردێت و زیان بە جەستە ناگەیێنێت، هاوکات هەمان ئەو تیشکە بۆ مەبەستی چاودێریکردن و کامێراکانی تیژڕۆییش بەکاردێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ