چیرۆکی ئەو گەنجە ئەمریکییەی 60 ماری کوشندە گەستوویانە و تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

تیم فریدی، هاووڵاتییەکی ئەمریکیی 58 ساڵە، لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی قوربانیدان لەپێناو زانستدا تۆمار کرد، دوای ئەوەی لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا جەستەی خۆی خستە بەر زیاتر لە 200 پێوەدانی ئەنقەستی مەترسیدارترین جۆرەکانی ماری جیهان، ئەمەش بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینێکی گشتگیر بوو دژی ژەهری مار.
 
فریدی، پێشتر وەکو پاککەرەوەی پەنجەرە کاری کردووە و هیچ بڕوانامەیەکی ئەکادیمیی نەبووە، لە ژێرزەمینی ماڵەکەی خۆیدا لە ویلایەتی ویسکۆنسن کۆمەڵێک ماری بەخێوکردووە کە بەشێکی زۆریان ژەهراوی بوون.
 
ئەو ویستوویەتی جەستەی بەرگرییەکی سرووشتیی دژی ژەهری مار پەیدا بکات، تەنانەت چەند رۆژێکیش کەوتووەتە دۆخی بێهۆشی (کۆما)وە و بەشێک لە ماسوولکەکانی قاچی لەدەستداوە و رووبەڕووی شۆکی هەستیاریی تووندیش بووەتەوە کە نزیک بوو گیان لەدەستبدات.
 
فریدی خەونی ئەوە بووە کارێکی مرۆڤایەتی بۆ پاراستنی هەژاران بکات؛ هەر بۆیە پەیوەندیی بە کۆمپانیای Centivaxـی ئەمریکیی بەرهەمهێنانی ڤاکسین کردووە، بۆ ئەوەی لە جەستەی بکۆڵنەوە تاوەکو ڤاکسینێکی گشتگیری دژەژەهری مار دروستبکەن. خۆی دەڵێت: "خەڵکی دەیانگوت شێتم، بەڵام نەمدەتوانی قوربانییانی ژەهری مار لەبیربکەم، بۆیە دەمویست شتێک بۆ مرۆڤایەتی بکەم بەتایبەت بۆ هەژارترین خەڵکی جیهان کە توانای کڕینی چارەسەریان نییە''.
 
توێژینەوە تاقیگەییەکانی ئەو کۆمپانیایە دەریانخستووە، ئەو دژەتەنانەی لە خوێنی فریدییەوە وەرگیراون، توانایان هەیە ژەهری 19 جۆری ماری خێزانی "Elapidae" پووچەڵ بکەنەوە، کە مارەکانی کۆبرا، مامبا و تایپانیش دەگرێتەوە.
 
تاقیکردنەوە بۆ ڤاکسینی دژەژەهری مار دەستپێدەکات
 
بڕیارە بەمزووانە تاقیکردنەوەی ڤاکسینی دژەژەهری مار لەسەر ئاژەڵە ماڵییەکان لە ئوسترالیا وەکو هەنگاوی یەکەم دەستپێبکات، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ تاقیکردنەوە کلینیکییەکان لەسەر مرۆڤ، ئەمەش دەرگەی هیوا بۆ کۆتاییهێنان بەو کابووسەی پێوەدانی مار دەکاتەوە کە هەڕەشە لە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا دەکات.
 
ئەمەش بزانە
 
بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان، ساڵانە نزیکەی 5.5 ملیۆن کەس مار پێوەیان دەدات کە 138 هەزاریان گیان لەدەستدەدەن، لە کاتێکدا 400 هەزار کەسی دیکە تووشی شێواوی و کەمئەندامیی هەمیشەیی دەبن، کە زۆرینەیان دانیشتووی ناوچە هەژارنشینەکانی ئاسیا و ئەفریقیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نوور عادل- سەنتەرە نوێیەکەی ئۆتیزم کە دەزگای روانگە کردییەوە لە کەلار.

دەروونناسێک: منداڵی ئۆتیزم وا لێدەکەین کە بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و کێشەی نەمێنێت

دەروونناسێکی سەنتەرە نوێیەکەی دەزگای روانگە-رزگاری لە گەرمیان رایدەگەیێنێت، منداڵەکان بەپێی ستاندارد وەردەگیرێن و ستافی مامۆستا و راهێنەرانیش ئەزموونی تەواویان بۆ باشتربوونی ئۆتیزم هەیە.