رووداو - تەندروستی
چیرۆکی دەریاتان بۆ باس دەکەم، ئەو پزیشکە ڤێتێرنەرییەی کە بە ورەیەکی بەرزەوە رووبەڕووی نەخۆشییەکی دەگمەن دەبێتەوە.
دەریا یوسف، کچێکی تەمەن 23 ساڵی خەڵکی دهۆکە و پزیشکی ڤێتێرنەرییە، لە یەکەم رۆژی ژیانییەوە رووبەڕووی نەخۆشییەکی دەگمەنی سکماکی بە ناوی Arteriovenous malformation بووەتەوە. ئەم نەخۆشییە بووەتە هۆی دروستبوونی گرێیەک لە بەشی راستی روخساریدا.
چارەسەریی دەریا هەر لە تەمەنی 21 رۆژییەوە بە یەکەم نەشتەرگەریی بۆ لابردنی گرێکە دەستی پێکرد. تا گەیشتە تەمەنی 12 ساڵی، هەشت نەشتەرگەریی دیکەی بۆ ئەنجامدرا، پاشان بەهۆی هەستیاریی نەخۆشییەکەیەوە پزیشکان بڕیاریاندا نەشتەرگەرییەکانی بۆ ماوەیەک رابگرن.
دەریا بە رووداوی گوت، گرێکە بەردەوام لە گەورەبووندا بووە و لە ناوچەی بن گوێ، بۆریی هەناسە و دەموچاویدا بڵاو بووەتەوە. ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر تەندروستیی هەبووە و چەندین جار بەهۆی خوێنبەربوونی لەناکاو و هەناسەتەنگییەوە، ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە.
هەرچەندە چەندین جار پزیشکان بە دەریایان گوتووە، نەشتەرگەرییەکە مەترسیدارە و ئەویش بێ هیوا بووە. بەڵام دەریا کۆڵی نەدا و دوای شەش مانگ گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکێکی پسپۆڕ لە دەرەوەی وڵات، بڕیاری نەشتەرگەرییەکی گەورەی دا. نەشتەرگەریی یەکەم لە رێککەوتی 24ی شوباتی 2025 ئەنجامدرا و نۆ کاژێری خایاند. نەشتەرگەریی دووەمیش لە 12ی حوزەیرانی 2025 ئەنجامدرا و حەوت کاژێری پێچوو.
دەریا دەڵێت: ''لە پاش نەشتەرگەریی دووەم زۆر ماندوو بووم، چونکە ماوەی نێوانیان کەم بووە.'' ئەو هێشتا پێویستیی بە چەند نەشتەرگەرییەکی دیکە هەیە کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بۆی ئەنجام بدرێت، بە مەبەستی لابردنی تەواوی گرێکە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای، دەریا بە گەشبینییەوە دەڵێت: ''ئێستا هەستێکی زۆر خۆشم هەیە، لە رووی تەندروستییەوە باشترم و مەترسیی خوێنبەربوونم نەماوە. لە رووی دەروونیشەوە هەرگیز کێشەم نەبووە و هەمیشە ئەم دۆخەم وەک خەڵاتێک سەیر کردووە کە خودا بەهۆی بەهێزی و بوێرییەوە پێی بەخشیوم.''
دەریا دەڵێت: خێزانە بچووکە جوانەکەم وای لێکردم زاڵ بم بەسەر هەموو قسە و نیگا ناشرینەکانی کۆمەڵگەدا. چونکە لە منداڵییەوە بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە گەورە کراوم و پێویستیم بە قبووڵکردنی هیچ کەسێکی دیکە نەبووە.
سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەی، دەریا توانیویەتی لە قۆناغی کۆتایی کۆلێژی پزیشکیی ڤێتێرنەریدا پلەی هەشتەم لەسەر ئاستی کۆلێژەکەی بەدەست بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ