رووداو - تەندروستی
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیا رایدەگەیێنێت، ماوەی هەفتەیەکە بانکی خوێنی سلێمانی بەهۆی نەبوونی پێداویستیی پزیشکییەوە خوێن لە هاونیشتمانیان وەرناگرێت.
کۆچەر کەریم، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ماوەی هەفتەیەکە خوێن لە کەس وەرناگیرێت، وەزارەتی دارایی پارە تەرخان ناکات و کێشەکە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و وەزارەتی داراییە."
بە گوتەی کۆچەر کەریم پارێزگای سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 90 بوتڵ خوێن هەیە، بەڵام ماوەی ساڵێکە بانکی خوێنی سلێمانی گرفتی کەمیی پێداویستییەکانی وەک مەواد، کیسەی خوێن و دەرمانی هەیە.
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی تالاسیمیا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خێرخوازان دەکات هاوکارییان بکەن و دەڵێت، "نەخۆشانی تالاسیمیا پێویستیان بە خوێن و چارەسەری پزیشکییە، زۆربەیان بارودۆخی داراییان خراپە."
کۆچەر کەریم هۆشداری دەدات و دەڵێت، "پێویستە وەزارەتی تەندروستی بەدەممانەوە بێت، چونکە لە مانگی رەمەزان کەمتر خوێن دەبەخشرێت، ئەگەر لەم چەند رۆژەدا کێشەکان چارەسەر نەکرێن، رووبەڕووی گرفتێکی گەورە دەبینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ