رووداو - تەندروستی
توێژەران لە ژاپۆن جۆرێکی نوێی پلاستیکیان لە رووەک دروستکردووە کە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا بە تەواوی لە ئاوی دەریادا دەتوێتەوە و هیچ وردە پلاستیکێک (مایکرۆپلاستیک) لەدوای خۆی بەجێناهێڵێت.
تیمێک لە ناوەندی RIKEN بۆ زانستی ماددە نوێیەکان (CEMS) لە ژاپۆن بە سەرپەرشتیی د. تاکوزۆ ئایدا، مادەیەکیان لە سیلیلۆز دروستکردووە کە زۆرترین پۆلیمەری سرووشتییە لەسەر زەوی، ئەم پلاستیکە نوێیە بۆ پاکەتکردنی رۆژانە دیزاین کراوە، لەکاتی بەکارهێناندا بەهێزە، بەڵام ئەگەر بکەوێتە نێو دەریاوە، بە سەلامەتی شی دەبێتەوە.
د. تاکوزۆ ئایدا سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت هێزی مادەکە لە "پردی خوێ"ـوە دێت، کە بەستەرێکی کاتییە و تۆڕی پۆلیمەرەکە پێکەوە دەهێڵێتەوە، کاتێک ئاوی دەریا دەچێتە نێو پلاستیکەکەوە، ئایۆنەکانی سۆدیۆم و کلۆراید ئەو بەستەرانە لاواز دەکەن و وادەکەن تۆڕەکە هەڵبوەشێتەوە و ببێتە پارچەی تواوە لە ئاودا.
د. تاکوزۆ ئایدا ئاماژە بەوەدەکات یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم داهێنانە ئەوەیە کە پارچە تواوەکانی دەتوانرێت کۆبکرێنەوە و دووبارە بۆ دروستکردنەوەی هەمان مادە بەکاربهێنرێنەوە، بێ ئەوەی پێویستی بە مادەی خاوی نوێ هەبێت.
پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک یەکێکە لە کێشە گەورەکانی جیهان، زۆربەی جۆرەکانی پلاستیک بە تەواوی لەناوناچن، بەڵکو دەبنە وردە پلاستیکی بچووک کە لە زەریاکاندا دەمێننەوە و دەچنە نێو جەستەی مرۆڤ و زیندەوەرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ