رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکییە جیهانییەکان، قاوە سوودێکی زۆر بە جەستە و دەروون دەگەیێنێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی نازانستی و لەکاتی نەگونجاودا بخورێتەوە، کێشەی جیدی دروستدەکات و دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی.
ماڵپەڕی Healthـی جیهانی هۆشداری دەداتە قاوەخۆرەکان کە ئەم 6 هەڵەیە نەکەن و سەرچاوەی زانیارییەکانیش بە توێژینەوە و سەلماندن روون دەکاتەوە؛
1- خواردنەوەی قاوە لە درەنگانی شەو و نزیک لەکاتی خەو
توێژینەوەیەکی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی لە ئەمریکا دەریدەخات، خواردنەوەی قاوە لە سێ کاژێر پێش خەوتن، کواڵیتیی خەو تێکدەدات و کەسەکە کەمتر تێرخەو دەبێت. بەمەش کەسەکە تەواوی رۆژ کەیفی خۆش نابێت و سەرنجی لاواز دەبێت.
2- خواردنەوەی قاوەی نەپاڵافتە (فیلتەرنەکراو)
توێژینەوەیەکی گۆڤاری NMCDـی زانستی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو قاوانەی فیلتەرنەکراون رێژەی چەوریی خراپی خوێن LDL بەرز دەکەنەوە، چونکە رۆن، وردەمادەکان و پاشماوەکانی قاوەکەیان تێدایە کە زۆرجار (قاوەی ئێسپرێسۆ، قاوەی فەرەنسی و قاوەی تورکی) ئاوهان.
3- بەکارهێنانی شەکری دەستکرد و شەکری سپی لەنێو قاوە
ئەگەر شیرینکەرە دەستکردەکان یان شەکری ئاسایی (شەکری سپی) بخرێتە نێو قاوەوە، زیانی زۆر بە جەستە دەگات، تەنانەت لەبارەی شیرینکەرەکانیشەوە WHO دەڵێ، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و لاوازبوونی بەرگریی جەستە زیاد دەکەن. هەر بۆیە پێشنیاز دەکرێت، سوود لە شەکری خورما، هەنگوین و ستیڤیا وەربگیرێت.
4- خواردنەوەی قاوە لە بەیانیاندا
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا کراوە و دەرکەوت، کاتێک لەخەوهەڵدەستی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرزە، بەمەش خواردنەوەی قاوە لە کاتێکدا کە ئاستی کۆرتیزۆڵ بەرزە، رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری ئەم هۆڕمۆنە و لە درێژخایەندا دەکرێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیستمی بەرگری هەبێت. بۆیە باشترین کات بۆ خواردنەوەی قاوە، 60 بۆ 90 خولەکە دوای لەخەوهەستان.
5- قاوە لەبری ژەمی خۆراکی بخورێتەوە
لێکۆڵینەوەیەکی بەشی تەندروستیی گشتیی زانکۆی پامپلۆنای ئیسپانی کە لە گۆڤاری Clinical Nutrition بڵاو کراوەتەوە، دەریدەخات؛ هەرچەندە قاوە رۆڵێکی باشی هەیە لە کێشدابەزاندن و کەمکردنەوەی چەوریی جەستە، بەڵام قاوە مادەی خۆراکی لەو شێوەیەی تێدا نییە کە لەبری ژەمی خۆراکی بخورێتەوە و پشتی پێببەسترێت.
6- خواردنەوەی بڕێکی زۆری قاوە لە رۆژێکدا
بەپێی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA، بۆ کەسانی ئاسایی رۆژانە خواردنەوەی بڕی 400 میلیگرام کافاین ئاساییە کە دەکاتە 1 بۆ 4 کووپ، بەڵام ئەگەر کەسێک کێشەی تەندروستیی هەبێت یان دووگیان بێت، دەبێت بە کەمی قاوە بخواتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ