رووداو - تەندروستی
پزیشکانی جیهان بەتایبەت لە وڵاتانی ئەورووپی رایدەگەیێنن، ئیستا نزیکن لەوەی بە سەرکەووتوویی گورچیلەی بەراز بۆ مرۆڤ بچێنن و بە فەرمیش رایبگەیێنن کە ''پڕۆسەی چاندنەکە ئاساییە و ئیدی لەکاتی نەبوونی بەخشەر، گورچیلەی بەراز بچێندرێت بۆ مرۆڤ''.
توێژینەوەیەک لە کۆمپانیای NYU Langone Healthـی ئەمریکی کرا و دەرکەوت، ئەگەر گورچیلەی بەراز گۆڕانکاریی بۆماوەیی تێدا بکرێت، دەتوانێت زیاتر لە دوو مانگ کار بکات. (چونکە ئێستا هێرشکردنە سەر گورچیلەی بەراز لەلایەن بەرگریی جەستەی وەگرەکەوە، گەورەترین و سەرەکیترین کێشەی بەردەم نەشتەرگەریی چاندنەکەیە).
پزیشکەکانی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە ئاشکرای دەکەن، ''بەشێوەیەکی بەرچاو و فەڕمی نزیکن لە بەهەمیشەییکردنی چاندنی گورچیلەی بەراز بۆ مرۆڤ''.
دواین نەشتەرگەریی چاندنی بەراز بۆ پیاوێک سەرکەوتوو بوو، 271 رۆژ لەنێو جەستەی پیاوێکدا چێنرا و بە سەرکەوتوویی کاری دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی پزیشکەکان لاوازبوونیان لە ئەرکی گورچیلەکەدا بەدیکرد، بڕیاری دەرهێنانی گورچیلەکەیاندا. (راپۆرتەکە ببینە)
لە مانگی 5ـی ساڵی رابردوودا گورچیلەی بەراز بۆ پیاوێکی 62 ساڵ چێندرا و تەنیا دوو مانگ تەمەنی وەرگرەکەی درێژکرد، ئیدی وەرگرەکە گیانی لەدەستدا. (راپۆرتەکە ببینە).
تاقیکردنەوەیەک لەسەر کەسێکی مردوو (مێشک وەستاو)
پزیشکانی زانکۆی نیۆیۆرک گورچیلەی بەرازیان دەستکاری کرد و چاندیان بۆ پیاوێکی 57 ساڵ بە ناوی مۆریس میلەر کە مێشکی بەهۆی شێرپەنجەوە وەستا، پزیشکان دەڵێن، ''دوای چەند کاژێرێک گورچیلەی بەرازەکە دەستی بە پاڵاوتنی خوێن و بەرهەمهێنانی میز کرد''.
تەنانەت پشکنینی فەرمانەکانی گورچیلەی دروست دەرچوون، پاشان لە رۆژی 33ـەمیندا کارکردنی گورچیلەی بەرازەکە لاواز بوو، چونکە بەرگریی جەستەی پیاوەکە هێرشی کردە سەر گورچیلەکە، بەڵام دوای بەکارهێنانی دەرمان، چارەسەر کرا و گورچیلەکە گەیشتە 60ـەمین رۆژ و هاوشێوەی گورچیلەی مرۆڤ، گورچیلەی بەرازەکە خوێنی دەپاڵاوت، ئیدی تاقیکردنەوەکە لەوێدا کۆتایی هات و ئەوەش یەکەم تاقیکردنەوە بوو لەسەر کەسێک بکرێت کە مێشکی لەدەستدابێت.
بەگوێرەی ئاماری تەندروستیی ئەمریکا، زیاتر لە 90 هەزار کەس لەو وڵاتە چاوەڕێ دەکەن گورچیلەیێکیان دەستبکەوێت و بیچێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە رۆژانە 12 کەس بەهۆی نەبوونی چانسی چاندنی گورچیلەیان گیان لەدەستدەدەن. پزیشکانیش دەڵێن ئەگەر چاندنی ئەندامی بەراز بۆ مرۆڤ سەرکەوتوو بێت، کێشەی دەستنەکەوتنی گورچیلە چارەسەر دەبێت.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ