رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوەیەک لە بەریتانیا بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ لەکاتی دووگیانیدا سەلامەتە و هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە مەترسیی تووشبوون بە ئۆتیزم، ADHD (کەمئەندامیی فرەجووڵەیی) و کێشەکانی گەشەکردن لە منداڵاندا زیاد دەکات.
زانکۆی سیتی سەینت جۆرج لە بەریتانیا شیکاری بۆ 43 لە بەهێزترین توێژینەوەکانی پێشووتر کردووە، کە سەدان هەزار خانمی دووگیانی لەخۆگرتووە، بەراوردیان لەنێوان ئەو خانمانەدا کردووە کە لەکاتی دووگیانیدا پاراسیتامۆڵیان بەکارهێناوە و ئەوانەی بەکاریان نەهێناوە، بۆیان دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ لەکاتی دووگیانی هیچ کێشەیەک درووست ناکات.
پرۆفیسۆر ئەسما خەلیل، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە و راوێژکاری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون راگەیاند: "کاتێک ئەم شیکارییەمان ئەنجامدا، هیچ پەیوەندییەکمان نەدۆزییەوە، هیچ بەڵگەیەک نییە کە پاراسیتامۆڵ مەترسیی ئۆتیزم زیاد بکات."
گوتیشی: "پەیامەکە روونە پاراسیتامۆڵ وەک بژاردەیەکی سەلامەت دەمێنێتەوە لەکاتی دووگیانیدا بەڵام دەبێت بەپێی رێنوێنی بەکاربهێندرێت."
ئەم توێژینەوەیە وەک وەڵامێک دێت بۆ ئەو بانگەشانەی کە لە ئەیلوولی 2025 لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە کران، کە تێیدا پاراسیتامۆڵی (کە لە ئەمریکا بە Acetaminophen یان Tylenol ناسراوە) بە ئۆتیزمەوە بەستبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ