رووداو - تەندروستی
لە رۆژی جیهانیی ئاودەستدا پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی مەرجەکانی سەلامەتیی تەندروستی لەکاتی چوونە سەر ئاو باسدەکات و رایدەگەیێنێت، پاککەرەوەی شل لەبری سابوونی رەق بەکاربێت.
رۆژی یەکشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2023 د. شاهۆ عوسمان، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی لە بوولتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، لەکاتی چوونە ئاودەست، پێویستە دەست لە کەمترین شوێنی نێو ئاودەستەکە و رووکارەکانی دیوار و کەلوپەلەکانی نێوی بدرێت، چونکە ئەگەری بەرکەوتن بە هۆکاری نەخۆشیی زۆرە.
د. شاهۆ عوسمان، پسپۆڕی تەندروستیی گشتی روونی دەکاتەوە، باشترە هیچ کەلوپەلێک نەبردرێتە نێو ئاودەست، چونکە پیسدەبێت و دەکرێت هۆکاری نەخۆشییەکان لەنێو ئاودەست بگوازرێتەوە بۆ سەر کەلوپەلەکان و لەوێوە کەسەکە تووشی نەخۆشی بکات.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت: ئاو بۆ پاککردنەوە دوای تەواوبوون لە ئاودەست بەکاربێت و دەشڵێت: ''ئەو میکرۆبانەی بە ئاو لادەچن بەهیچ شێوەیەک بە کلێنکس لاناچن''.
د. شاهۆ عوسمان ئاشکرای دەکات، پاککەرەوەی شل لەبری سابوون لەنێو توالێتەکاندا بەکاربێت، چونکە دەکرێت سابوونی رەق خۆی ببێتە سەرچاوەیەک بۆ میکرۆبەکان.
لە بەشێکی قسەکانیدا د. شاهۆ گوتی، ئاودەستی شوێنە گشتییەکان زۆرینەیان پیسن و کوالێتییان خراپە، هەروەها بە پێویستی دەزانێت کە مانگانە هەڵمەت بۆ پاککردنەوەی ئاودەستەکانی شوێنە گشتییەکان وەکو پاڕک و قوتابخانەکان ئەنجامبدرێت.
بە گوتەی پسپۆڕەکە، ''خەرجکردنی یەک دۆلار بۆ پاکوخاوێنی، پێشگیری لە خەرجکردنی نزیکەی چوار دۆلار بۆ چارەسەر و پاشهاتی نەخۆشی دەکات''.
وا باوە کە لەدوای چوونە سەر ئاو، مێشک باشتر کاردەکات و زۆرینەی بیرۆکەی داهێنەرانە لەنێو ئاودەستەکاندا دروستدەبن، د. شاهۆش دەڵێت: لەڕووی زانستییەوە هیچ پەیوەندییەکیان لەنێواندا نییە، بەڵام سەرئاوکردن گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە و کەسەکە دەخاتە باری ئارامیی زیاتر.
رۆژی 19ـی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی ئاودەست ناسراوە و لەمڕۆژەدا هۆشداری بۆ پاککردنەوە و پاکڕاگرتنی ئاودەستەکان دەخرێتەڕوو، هاوکات رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، لە جیهاندا زیاتر لە یەک ملیار کەس پیسایی لە شوێنی کراوەدا دەکەن و ئاودەستییان نییە، هەروەها تەنیا لە وڵاتانی باشووری ئاسیا زیاتر لە 650 هەزار کەسیش پیسایی لە شوێنی کراوەدا دەکەن.
بە گوێرەی رێکخراوی یونیسێف، بەهۆی کەمیی ئاودەست 14٪ گیانلەدەستدانی منداڵی خوار پێنج ساڵان لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا زیادبووە.