رووداو - تەندروستی
دوای گیانلەدەستدانی خانمێک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە کەلار، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەکە رایدەگەیێنێت ئەو کەلوپەلانەی بۆ چارەسەری کۆچکردوو بەکارهاتوون رێگەپێدراون.
هەڵگورد محەممەد بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەو کەلوپەلانەی بۆ چارەسەری کۆچکردوو بەکارهاتوون، رێگەپێدراوی وەزارەتی تەندروستین و مۆڵەتی دەزگای کواڵیتی کۆنترۆڵیان هەیە."
لەبارەی یاساییبوونی کارەکانیان، هەڵگورد محەممەد گوتی: "نەخۆشخانەکەمان خاوەنی مۆڵەتی کارکردنی تەندروستییە و کارەکانمان لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان و بەپێی رێنماییەکان بەڕێوەدەچن. هەموو کارمەندانمان کارمەندی تەندروستین و پسپۆڕن."
بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەکە جەختی لەوەش کردەوە، "روونکردنەوەمان بڵاوکردووەتەوە و نامانەوێت پێش لیژنەی لێکۆڵینەوە هیچ قسەیەک بکەین، چونکە ئێمە پابەندین بە کاری لیژنەکەوە."
سەبارەت بە چۆنیەتیی وەرگرتنی نەخۆشەکە، هەڵگورد محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، "کارەکانی پشکنینی (سیتی سکان) و چارەسەروەرگرتنی خوالێخۆشبوو لە چوارچێوەی رێکارە پزیشکییەکاندا ئەنجامدراون و لەلایەن پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی دیکەوە ئاراستەی بەشی سیتی سکانی نەخۆشخانەکەمان کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ