رووداو دیجیتاڵ
کارمەندێکی بەشی تاقیگەی نەخۆشخانەی کفری دەڵێت، زۆربەی کەرەستە تاقیگەییەکانیان نەماوە و داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکات کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات، لە بەرامبەردا گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، "ئەو کێشەیە کاتییە".
دڵشاد ساڵح کارمەندی بەشی تاقیگەی نەخۆشخانەی کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نەخۆشخانەی کفری لەنێو تاقیگەکان کەرەستەی تاقیگەیمان نییە، بۆ نموونە [پشکنینی] شەکرەی سێ مانگیمان 20 رۆژە نەماوە، کریاتینیشمان نییە."
دڵشاد ساڵح دەڵێت داوایان ئاراستەی وەزارەت کردووە و وەزارەت پێی گوتوون، "لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە قسە بکەن کە تەندەری تاقیگەی وەرگرتووە، کۆمپانیاکەش دەڵێت وەزارەت پارە نادات."
ئەو کارمەندەی تاقیگە ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکە حکومەت واژۆی لەگەڵ کردووە و لەگەڵ هەر پشکنینێک 100%ی پارەی تاقیگەیەکە بۆ خۆی دەبات.
لە بەرامبەردا، ئازاد حەمەفەرەج، گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سێ-چوار قەزامان هەیە لەوانەیە هەندێک شت نەمابێت، بەڵام کاتییە و بەشێوەیەکی هەمیشەیی نییە."
ئازاد حەمەفەرەج گوتیشی، "هیچ نەخۆشخانەیەک لە کەلار ئەو کێشەیەی باس نەکردووە، لەوانەیە لە نەخۆشخانەیەک یان شوێنێک ئەو کێشەیە رووبدات، بەڵام کاتییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ