توێژینەوەیەکی ئەمریکی: ئەوانەی قژیان لوولە کەمتر گەرمایان دەبێت

21-06-2023
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی ئەمریکی دەریدەخات، ئەو کەسانەی قژیان لوولە زیاتر لە تیشکی خۆر دەپارێزرێن و کەمتر گەرمایان دەبێت.  
 
توێژەرانی زانکۆی پێنسیلڤانیای ئەمریکا دەڵێن، قژی لوول فێنکی بە جەستە دەبەخشێت و وادەکات کەسەکە کەمتر هەست بە گەرما بکات؛ هەروەها یارمەتیی بەشێدار هێشتنەوەی جەستەش دەدات.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئەکادیمیای نیشتمانیی زانست بڵاوکراوەتەوە و دەرکەوتووە، ئەوانەی قژیان لوولە هەوای زیاتر بەر پێستی سەریان دەکەوێت بەمەش کەمتر ئارەق دەکەن. سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەش دەڵێت، قژی لوول چڕییەکەی کەمترە بەمەش وادەکات هەوای زیاتر بەر پێستی سەر بکەوێت و کەمتر ئارەقبکات. 
 
نینا یابلۆنسکی، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: جگە لە جۆری قژ درێژی کاریگەریی لەسەر پلەی گەرمی هەیە و باشترە لە وەرزی هاویندا قژ بە کورتی بهێڵدرێتەوە. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی، بۆ پاراستن لە گەرمای هاوین و تیشکی خۆر دەتوانرێت مەرجەکانی 'خواردنەوەی شلەمەنی، پشوودان و مانەوە لە شوێنی فێنک و سێبەردا، هەروەها بەکارهێنانی دژەخۆر و کەلوپەلی پارێزگاری لە تیشکی خۆر' جێبەجێبکرێن. 
 
توێژینەوەیەکی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، 15٪ـی خەڵکی ئەوروپا قژیان لوولە و لە ساڵی 2021 نزیکەی 56٪ـی خەڵکی ئەمریکا قژلوول و شەپۆلدار بوون، هەروەها پێشبینیدەکرێت 11٪ـی دانیشتووانی زەوی قژلوول بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە