رووداو دیجیتاڵ
ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی دەرمانخانەكان لە هەرێمی كوردستان زیاد دەکات، تەنانەت لە هەندێک گەڕەك و شارۆچكە ژمارەی دەرمانخانەكان لە ماركێت و دوكانی سەوزە و میوە زیاترە ، گەڕەكی وا هەیە زیاتر لە 10 دەرمانخانەی تێدایە.
بەپێی ئاماری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان 1,381 دەرمانخانە، 128 كۆگای فرۆشتنی دەرمان و 217 كۆمپانیای هاوردەكردنی دەرمان هەن.
زۆربەی ئەو کۆگا و دەرمانخانانە لە چوار ساڵی رابردوودا کراونەتەوە. بەپێی بەدواداچوونی رووداو دەرمانخانەکان بە سەرمایەی کەسانی دەوڵەمەند و بە مۆڵەتی بڕوانامەی دەرمانسازە دانەمەزراوەکان دەکرێنەوە. تەنیا لە دوو ساڵی رابردوودا لە شاری هەولێر و دەوروبەری 264 دەرمانخانە و 11 كۆگای دەرمان كراونەتەوە، هێشتا زیاتر لە هەزار دەرچووی دەرمانساز بێكارن و لەدەرفەتێك دەگەڕێن ببنە خاوەن دەرمانخانە، یان لە دەرمانخانەیەک کاریان دەستبکەوێت.
بەپێی ئەو پێوەرەی سەندیكای دەرمانسازان دایناوە، ئێستا هەرێمی كورستان 147 دەرمانخانەی لێ زیادە، سەرەڕای ئەمەش 8,400 نۆرینگەی یاریدەدەرانی پزیشکی هەن کە بە عیادەی لاکۆڵان ناودەبرێن و دەرمانیان تێدا دەفرۆشرێت.
دكتۆر باریف زاهیر، نەقیبی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان، دەڵێت: "ئێستا زیاد لە پێویست دەرمانخانەمان هەیە، بەڵام هێشتا لەلایەن ئەندامانیشەوە گوشارێكی زۆرمان لەسەرە بۆ كردنەوەی دەرمانخانەی زیاتر".
دكتۆر باریف، قەیرانی دارایی و دانەمەزراندنی دەرمانسازان بەهۆكاری سەرەكی زیادبوونی ژمارەی دەرمانخانەكان لە هەرێمی كوردستان دەزانێت و دەڵێت "هاوشێوەی پیشەكانی دیكە دەرمانسازانیش بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی كار بەهاوبەشی لەگەڵ سەرمایەداران روویان لە كردنەوەی دەرمانخانە كردووە".
پێشتر ئەنجوومەنی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بەیاننامەیەكی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە، لە بەشێكی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە دراوە زۆربوونی ژمارەی دەرچووانی دەرمانسازی هەموو ئاستێكی تێپەراندووە، وایلێهاتووە كە كاریگەری خراپی بۆ سەر پیشەی دەرمانسازی هەبێت.
سەندیکای دەرمانسازان پێیوایە لەخۆگرتن و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ ئەم ژمارە زۆرەی دەرچووان كارێكی ئەستەمە، بۆیە دەڵێت ئەوان لەدوای ساڵی 2020 بەدواوە پابەند نابن بە وەرگرتنی دەرچووانی دەرمانساز بە ئەندام و دۆزینەوەی كار بۆیان.
دكتۆر باریف زاهیر، دەڵێت: "بێ پلانییەكی زۆر لە وەرگرتنی قوتابی لە كۆلیژە دەرمانسازییەكان هەیە، ئەمساڵ لە سێ كۆلێژی حكومی و 3 كۆلێژی ئەهلی نزیکەی 1000 قوتابی وەرگیراون، بە لایەنە پەیوەندیدارەكانمان گوتووە ئەگەر بەم ژمارە زۆرە قوتابی وەربگیرێت لە داهاتوودا هەزاران دەرمانساز بێكار دەبن".
بەپێی ئاماری سەندیكای دەرمانسازان ئێستا زیاتر لە سێ هەزار دەرمانساز لە هەرێمی كوردستان هەن، بەپێی پێوەری سەندیکای دەرمانسازان هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 100 دەرمانسازی نوێیە، بەڵام ساڵانە نزیکەی 450 دەرمانساز زیاد دەبن.
دكتۆر باریف دەڵێت: "دوو پێوەر بۆ كردنەوەی كۆلێژی دەرمانسازی و وەرگرتنی قوتابی لەو كۆلێژانە هەیە، ئەوانیش پێوەری زانستی و پیشەیی، بەڵام لە كوردستان هیچ یەكێک لەو دوو پێوەرە بۆ كردنەوەی كۆلێژەی ئەهلییەكان رەچاو نەكراوە. رێگەپێدانیشیان بۆ وەرگرتنی ئەم ژمارە زۆرەی قوتابی 100% بارزگانییە".
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ، وەك ستاندارد بۆ هەر 10 هەزار كەسێك دەرمانسازێكی دیاریكردووە، بەڵام بۆ دەرمانخانە شتێك دیاری نەكراوە.
هەر وڵاتێك بۆ کردنەوەی دەرمانخانە پێوەرێكی داناوە، لە هەندێک وڵات بۆ هەر 10 هەزار كەسێك دەرمانخانەیەك دیاریكراوە، لە هەندێک وڵاتی دیكە بۆ هەر 6 تاوەكو 7 هەزار كەسێك دەرمانخانەیەک دانراوە، هەشە بۆ هەر 3 هەزار كەسێك دەرمانخانەیەكی دیاریكردووە.
سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان، بۆ هەر 5 هەزار كەسێك دەرمانخانەیەكی داناوە، بەپێی ئەم پێوەرە بێت هەرێمی کوردستان پێویستی بە 1,234 دەرمانخانە هەیە (هەولێر 451 دەرمانخانە، دهۆك 330 دەرمانخانە، سلێمانی و هەڵەبجە 453 دەرمانخانە)، بەڵام ئێستا لە هەولێر 691 دەرمانخانە، لە دهۆك 260 دەرمانخانە و لە سلێمانی و هەڵەبجە 429 دەرمانخانە هەن.
بەپێی ئەم داتایە پارێزگاكانی دهۆك كەمتر لە پێویستی خۆی و سلێمانی و هەڵەبجە نزیك لە پێویستی خۆیان و پارێزگای هەولێریش 241 دەرمانخانەی لێ زیادە.
بەپێی ئامارەكان پشكی شێری ژمارەی دەرمانسازان، كۆمپانیا و كۆگاكانی دەرمان و پزیشكانی دەرمانساز بەر پارێزگای هەولێر كەوتووە، بە جۆرێك لە كۆی 217 كۆمپانیای دەرمان 172 كۆمپانیا، لە كۆی 128 كۆگای دەرمان 56 كۆگایان لە هەولێرن، هەروەها لە كۆی 3000 دەرمانسازیش نزیكەی 1500 دەرمانسازیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن.
لەكۆی ئەو 692 دەرمانخانەی لە پارێزگای هەولێر هەن، 435 دەرمانخانەیان لەناو سەنتەری شاردان، سەرپەرشتاری ئەو دەرمانخانانەش سەرجەمیان لە كەرتی گشتی دامەزراون و دەرمانخانەشیان هەیە.
دكتۆر رەنج محەممەد، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان، دەڵێت: "لەبەر ئەوەی سێ كۆلێژی دەرمانسازی حكومی و دوو ئەهلی لەهەولێر هەن، بۆیە دەرچوویەكی زۆری دەرمانسازمان هەیە و دامەزراندنیش چەند ساڵێكە لە كەرتی گشتی وەستاوە، بۆیە گوشارێكی زۆرمان لەسەرە بۆ كردنەوەی دەرمانخانە و کۆگا".
دكتۆر رەنج، نمونە بە كردنەوەی دەرمانخانە و کۆگای دەرمان لە دوو ساڵی رابردوو دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ساڵی 2019 مۆڵەتمان بە كردنەوەی 129 دەرمانخانە و 9 کۆگای دەرمان دا، ساڵی رابردووش رێگەمان بە کردنەوەی 133 دەرمانخانە و 2 كۆگا داوە".
بۆ كەمكردنەوەی گوشار، سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان دوو داواكاری لەلایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە، یەكەم وەزارەتی تەندروستی، كەرتی گشتی و تایبەت لێكجیابكاتەوە واتە ئەو دەرمانسازەی لە كەرتی گشتی دامەزرا، بۆی نەبێت دەرمانخانە بكاتەوە، بەپێچەوانەشەوە ئەو دەرمانسازەی دەرمانخانە یان كۆگا یان كۆمپانیای هاوردەكردنی دەرمانی هەیە، بۆ نەبێت داوای دامەزراندن لە كەرتی گشتیدا بكات.
داواكاری دووەمیشیان ئەوەیە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەرگرتنی قوتابیان لەكۆلێژەکانی دەرمانسازی سنوردار بكات و بەپێی پێویست ساڵانە قوتابی وەربگرێت.
دكتۆر رەنج محەممەد، دەڵێت: "لەم رێگەیەوە دەتوانین دەرفەتی زیاتر بۆ ئەنداممان برەخسێنین و سنوورێك بۆ زیادبوونی خێرای دەرمانخانەکان دابنێین".
دكتۆر خاڵس قادر، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی، دەڵێت: "ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی پلانی ئەوەمان هەیە كەرتی گشتی و تایبەت لێك جیابكەینەوە، بۆیە ئەگەر سەندیكای دەرمانسازان ئەو خواستەیان هەیە، دەكرێت بەفەرمی داوابكەن ئەوكات گفتوگۆی لەسەر دەكەین".
بەپێی یاسای دەرمانسازی، هەر دەرمانسازێك دوای تەواوكردنی خوێندن داوای كردنەوەی دەرمانخانە بكات، دەبێت دامەزرابێت و سێ ساڵیش بەسەر دامەزراندنەکەی تێپەرێت و پلەبەندی پزیشكی تەواو بكات، ئەویش بریتییە لەوەی ساڵیك لەناوشار لە دەرمانخانەكان راهێنان بكات و دووساڵیش لە دەرمانخانەی نەخۆشخانەكانی دەرەوەی شار دەوام بكات.
دكتۆر رەنج دەڵێت: "ماوەی چەند ساڵێكە دامەزراندن وەستاوە، بەپێی یاسا دەرچووانی دەرمانسازی بۆیان نییە داوای كردنەوەی دەرمانخانە لەناو شار بكەن، ئێستا وەك هاوكارییەك دوای ساڵێك راهێنان لەناو دەرمانخانەیەكی شار، لە دەرەوەی شار مۆڵەتی كردنەوەی دەرمانخانەیان پێدەدەین".
زیادبوونی دەرمارنخانە و كۆگاكانی دەرمان وایكردووە، دەرچوون لە رێنماییەكان زیادبكات، بۆ نموونە ساڵی رابردوو لە شاری هەولێر زیاتر لە 300 دەرمانخانە لەلایەن لێژنەكان داخراون و زیاتر لە 250 دەرمانخانە سزای پێ بژاردنیان بۆ كراوە، نزیكەی 250 دەرمانخانەش سزای ئاگاداركردنەوەیان پێدراوە.
دەرمانساز دكتۆر هەڵدێر محەممەد، یەكێكە لەدەرچوونی ساڵی 2017 – 2018 دوای ساڵێک راهێنان لەناوشار لە سەرەتای ئەمساڵ بە هاوبەشی لەگەڵ هاوڕێیەكی دەرمانخانەیەكی لە کۆمەڵگەی شاوێسی سەر بە شاری هەولێری كردووەتەوە، دەڵێت: "دامەزراندن وەستاوە یاسای سەندیكاش رێگرە لە بەردەم دەرچووی دامەزراو ببنە خاوەنی دەرمانخانەی خۆیان، ئێستا وەك هاوكاری دوای ساڵێك راهێنانی كردارەكی، سەندیكا رێگە بە دەرمانسازانی دانەمەزراو دەدات لە دەرەوەی شار دەرمانخانە بكەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە دەرەوە دەرمانخانە قازانجی وای نییە، بۆیە زۆربەیان لەلایەن خاوەن سەرمایەكان ئیستغلال دەكرێن".
بەگوتەی دکتۆر هەڵدێر بەهۆی ئەو بڕیارەی سەندیکاوە، ئەو کۆمەڵگە و ناحیانەی لە سەنتەری شارەوە نزیکن زۆرترین دەرمانخانەیان تێدایە. زۆربەشیان بۆ راكێشانی كڕیار، دەرمانەكانیان بە نرخی نزیك لە كڕین دەفرۆشن، بۆیە زۆربەیان لەسەر زەرەر دەڕۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ