رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەکانی پشت رایدەگەیێنێت، زۆرینەی گرێیەکانی مێشک شێرپەنجەیی نین و ناڕێکیی شێوازی ژیان هۆکارێکی تووشبوونیانە.
رۆژی شەممە 22-7-2023 لە بولتەنی تەندروستی، دکتۆر شاڵاو مەهدی، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەکانی پشت رایگەیاند، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا وایکردووە کە نەشتەرگەرییەکانی مێشک ئاسانتر بن و لە هەرێمی کوردستان زۆرینەیان بەردەستن.
دکتۆر شاڵاو مەهدی ئاماژە بە زۆربوونی تووشبووانی گرێی مێشک دەدات و دەڵێت: ''79٪ـی گرێیەکانی مێشک شێرپەنجەیی نین''، هەروەها هۆکارەکانیش باسدەکات کە مەترسیی تووشبوون بە گرێی مێشک زیاددەکەن وەکو 'زۆریی خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان، زۆر خواردنەوەی خۆراکە سوێر و شیرینەکان و پیسبوونی ژینگە'.
هاوکات ئەم پسپۆڕە ئەوەش دەردەخات کە زۆرینەی گرێیەکانی مێشک شێرپەنجەیی نین و بە نەشتەرگەریی چارەسەر دەکرێن.
لەکۆتاییدا دکتۆر شاڵاو گوتی، بەشێک لە ناڕێکییەکانی بڕبڕەی پشت کاریگەرییان لەسەر فەرمانەکانی مێشک و دڕکەپەتک دەبێت، چونکە پەیوەستن بە ناوەندە کۆئەندامی دەمار.