وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق پشکنینی مەمک بۆ کارمەندەکانی دەکات

22-10-2025
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمکی بۆ هەموو خانمە کارمەندەکانی بەردەستکرد، بەمەش بووە یەکەم وەزارەتی عێراق کە بەدەم هەڵمەتی پێشگیریکردن و هۆشیارکردنەوەی شێرپەنجەی مەمک بێت.
 
لەم مانگەدا کە بە مانگی 'ئۆکتۆبەری پەمەیی' ناوبراوە و ئامانجی جیهان هۆشیارکردنەوەی خانمانە لەوەی کە پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی مەمک و شێرپەنجەی مەمک بکەن. لە عێراق چەندین هەڵمەت بەڕێوەچوون و یەکێک لەوانە هەڵمەتی پشکنینی گەڕۆکی شێرپەنجەی مەمکە.
 
بەشی کاروباری ئافرەتان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کلینیکە گەڕۆکەکە پشکنینیان بۆ کارمەندە خانمەکان کرد و هیام رەشید، بەڕێوەبەری بەشەکە دەڵێت: یەکەیەکی پزیشکی دابینکراوە بۆ پشکنینی هەموو خانمانی وەزارەتەکە.
 
لەنێو ئەو کابینە گەڕۆکەی پشکنینی مەمک، چەندین پەرستار و پزیشک هەن و تاقیگە و کەلوپەلی تایبتەمەند دانراوە، هەڵمەتەکەش 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
جگە لەمەش، هەڵمەتی ''لونای پەمەیی''ـی تۆڕی میدیایی رووداو بەردەوامە.
 
لەم مانگەدا تۆڕی میدیایی رووداو هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' راگەیاندووە. ئامانجی سەرەکیی لونای پەمەیی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکەن، چونکە چەند زوو شێرپەنجە دەستنیشانبکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت و خەرجییەکەی کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیش کەم دەبێتەوە.
 
هەڵمەتەکە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداوەوەیە بە هاوبەشیی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک و هەرس و جگەر لە هەڵەبجە، لەگەڵیشیدا هەریەک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی وێڵفەر و شار کە لە شاری هەولێرن.
 
دەتوانن لەم لینکەوە خۆتان تۆمار بکەن و بە خۆڕایی پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمک بکەن (www.luna.rudaw.net).
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە