رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی هەولێر رایدەگەیێنێت، داوایانکردووە سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنە نایاساییەکان قەدەخە بکرێت، بەڵام دەڵێت: لە قەزا و ناحیەکان کاری لەسەر ناکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-4-2025 دکتۆر مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ''دەیان جار داوامان لە پارێزگا و دەستەی کارگێڕیی قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری هەولێر کردووە کە سەربڕینی سەرشەقام و نایاسایی قەدەخە بکەن، بەڵام کاری لەسەر نەکراوە''.
بەگوتەی دکتۆر مامەند محەممەد، هەڵمەتی شووشتنەوە، رشاندن و چارەسەرکردنی ئاژەڵیان راگەیاندووە و تاوەکو 30ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەو دەڵێت: ''کۆنتڕۆڵکردنی تای خوێنبەربوون واتا کۆنتڕۆڵکردن و لەنێوبردنی گەنە و مشەخۆرەکان''.
مامەند محەممەد روونی دەکاتەوە، لەڕێگەی ئەنجوومەنی گوندەکانەوە خاوەن ئاژەڵەکان ئاگادار دەکەنەوە بۆ شووشتنەوەی ئاژەڵەکانیان و هەموو مادەکانیش بە خۆڕاین و لەلایەن تیمی ڤێتێرنەریی هەولێرەوە بۆیان دەکرێت.
رێگەکانی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون؛
- پۆشینی پۆشاک و دەستکێش لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- پۆشینی پۆشاکی قۆڵدرێژ لەو شوێنانەی گومانی بوونی ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت
- رشاندنی ژینگەی کارکردن
- دوورکەوتنەوە لە ژینگەی گوماناوی
- دوو هەفتە بەر لە سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵ بکرێت
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- دەستشۆردن لەدوای سەردانی نەخۆش
رێگەکانی گواستنەوە بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی بریتین لە:
- لەکاتی پێوەدانی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی کوشتنی مێشوولەیەکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- لەکاتی بەرکەوتن بە ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە
- بەریەککەوتن لەگەڵ کەسێکی تووشبوو
- بەریەککەوتن لەگەڵ جرج و مشک
بۆچی تای خوێنبەربوون مەترسیدارە؟
تای خوێنبەربوون زیان بە موولوولە تەنکەکانی خوێن دەگەیێنێت و دووچاری خوێنبەربوونیان دەکات، هەر ڤایرۆسەکە ئاستەنگ لەبەردەم خوێنمەیاندن دروستدەکات، لەئەنجامدا خوێنبەربوونی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دروستدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ