رووداو - تەندروستی
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوین و گەرمبوونی بەرگەهەوای زەوی، تینی گەرمای هاوین کاریگەریی زیاتر لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەکات و سەرۆکی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا دەڵێت: ئێستا مردن بەهۆی گەرماوە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، دوو بۆ سێ ئەوەندە زیادی کردووە.
د. نیل گاندی، سەرۆکی بەشی پزیشکیی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی هیوستن میتۆدیست لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سێ هۆکاری سەرەکیی هەن کە دەبنەهۆی گیانلەدەستدان لە کەشی گەرم و شێداردا کە بریتین لە 'وشکبوونەوەی جەستە، جەڵتەی دڵ و سستبوونی ئەندامەکان'.
هۆکاری یەکەم؛ سستبوونی ئەندامەکان
د. نیل گاندی دەڵێت: ''کاتێک پلەی گەرمیی ناوەوەی جەستە بەرزدەبێتەوە ئەوا خوێن بە ئاراستەی پێست دەڕوات تاوەکو ساردی بکاتەوە، بۆیە خوێنی زیاتر لە گەدە و ریخۆڵەکانەوە دەچێت بۆ پێست، بەمەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی ژەهر لە ریخۆڵەکانەوە بۆ نێو خوێن و هەوکردن زیاددەکەن، چونکە خوێن و ئۆکسجینیان تێدا کەمدەبێتەوە، بەمەش ئەندامەکانی جەستە سستدەبن و تاوەکو وایان لێدێت لەکاربکەون و کەسەکە گیانلەدەستبدات''.
هۆکاری دووەم؛ جەڵتەی دڵ
لەبارەی جەڵتەی دڵەوە گوتی، ''لە کەشی گەرمدا گوشاری زیاتر دەخرێتەسەر دڵ بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشیی دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەیە، چونکە کاتێک پێداڕۆیشتنی خوێن لە ئەندامەکانەوە بۆ پێست دەستپێدەکات، ئەوا پەستانی خوێن کەمدەبێتەوە، بەمەش لێدانی دڵ زیاددەکات و دڵ خوێنی زیاتر بۆ بەشەکانی جەستە پاڵدەنێت، لەم نێوەندەدا دڵ کارێکی زۆر زیاتر دەکات لە دۆخی ئاسایی، بۆیە دەشێت کەسەکە تووشی جەڵتە ببێت و گیانلەدەستبدات''.
هۆکاری سێیەم؛ وشکبوونەوەی جەستە
لەبارەی وشکبوونەوەی جەستەوە د. نیل گاندی روونی دەکاتەوە، ''کاتێک جەستە ئارەقێکی زۆر دەکاتەوە، گوشاری زۆر لەسەر گورچیلەکان دروستدەبێت و جەستە ئاوێکی زۆر دەردەدات، خۆ ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا کەسەکە دووچاری وشکبوونەوەی جەستە دەبێت و دەکەوێتە دۆخێک کە پێی دەڵێن شۆک، بەمەش ئۆکسجین و مادەخۆراکییەکان رێژەیان کەمدەبێتەوە و لێکەوتەکانیشی دەبنە سستبوونی گورچیلەکان، سەرسووڕانی تووند، لەهۆشخۆچوون و مردن''.
د. رێنی سالاس، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتیی ماساچوسێتسی ئەمریکی ئاشكرای دەکات، ''بەرزیی رێژەی شێ لەگەڵ پلەی گەرمیی بەرز بەتەواوی کەشێکی خنکێنەرە بەتایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە و بەساڵاچووشن''، هەر بۆیە دەڵێت: نەچنە ئەو ژینگانە و خۆیان بە دووربگرن لە کەشی گەرم و شێدار بەتایبەت لە وەرزی هاوین.
بە گوێرەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە بەراورد بە 20 ساڵی رابردوو 30٪ بەرزبووەتەوە، رێکخراوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، منداڵ و بەساڵاچووان گرووپی مەترسیدارن و قوربانی سەرەکیی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ