رووداو - تەندروستی
لە دوبەی بە بەشداری پێنج هەزار کەس لە 50 نەتەوەی جیاواز رۆژی جیهانیی یۆگا بەرز راگیرا.
لە هۆڵی شێخ رەشید لە ناوەندی بازرگانیی جیهانیی دوبەی بۆ زیندووکردنەوە و بەردەوامیی یۆگا بە هاوبەشی لەگەڵ خەڵکانی وڵاتانی دیکە کە دانیشتووی دوبەین چالاکییەک بۆ ئەنجامدانی یۆگا رێکخرا، بە گوتەی رێکخەران؛ زیاتر لە پێنج هەزار کەس ئامادەبوون.
بەشداربوویێکی رووسیی نێو چالاکییەکە دەڵێت: 17 ساڵە یۆگا دەکات و لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە کاریگەریی لەسەر ژیانی کردووە.
ئۆلگا ئیڤانۆڤ، بەشداربووە رووسییەکەی چالاکییەکە دەشڵێت: ''چوار ساڵە لە دوبەیم و ئەمە گەورەترین چالاکییە کە بەشداریم تێداکردبێت بۆ وەرزشی یۆگا''.
لە چالاکییەکەدا زنجیرەیەک جووڵەی یۆگا بە سەرپەرشتیی راهێنەرانی بە ئەزموون بەڕێوەچوو، ئایلین خانی، گەنجێکی تەمەن 12ساڵی ئێرانییە و دەڵێت: هاوڕێکانی لە قوتابخانە باسی یۆگایان کردووە و هاتووەتە چالاکییەکە بۆ ئەوەی تاقیبکاتەوە.
رۆژی جیهانیی یۆگا لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2014 دانرا، ساڵانە لە 21ـی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، لە بەرنامەیەکی دکتۆر ئاراس دا باسی یۆگا کراوە و دەتوانن کلیک لێرە بکەن بۆ بینینی.
فیدراسیۆنی یۆگا لە چین ئاماژە بە چەند سوودێکی یۆگا دەکات وەکو؛
- پاراستنی بڕبڕەکانی مل و پشت
- بەهێزکردنی ماسوولکەکان
- یارمەتیدەر لە پاراستنی تەندروستیی دڵ
- باشترکردنی کوالێتیی خەو
- کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی
- گەشبینی و ئارامی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ