ڤیدیۆ؛ لە بەریتانیا هونەرمەندێک لەکاتی نەشتەرگەریی مێشکیدا، میوزیک دەژەنێت

رووداو - تەندروستی

لە بەریتانیا نەشتەرگەریی مێشک بۆ تووشبوویەکی نەخۆشیی پارکینسن دەکرێت بۆ ئەوەی چارەسەری لەرزۆکییەکەی بکرێت، نەخۆشەکە لەکاتی نەشتەرگەرییەکە میوزیک دەژەنێت و میوزیکژەنێکی بەتوانا بووە، بەڵام 5 ساڵە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە نەیتوانیوە بژەنێت.
 
نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەی کۆلێژی شاهانەی بەریتانیا کراوە و پزیشکی سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەکە رایدەگەیێنێت، ئەو نەخۆشە بە سڕکردنی خۆجێیی (نیو بەنج) نەشتەرگەرییەکەی بۆ کراوە و دەبوایە بەو شێوەیە بێت، بۆ ئەوەی ئاگامان لە وەرگرەکانی خانەی مێشکی بێت لەکاتی نەشتەرگەریکردندا.
 
دێنیس باکۆن نەخۆشەکەیە و خانمە هونەرمەندێکی 64 ساڵە و لە ساڵی 2014ـەوە تووشی نەخۆشیی پارکینسن بووە، دەڵێت: نەخۆشییەکەی ساڵ بە ساڵ دۆخی تەندروستیی تێکداوە و تا وای لێهاتووە، لە 2020دا توانای ژەنینی میوزیکی نەماوە.
 
پڕۆفیسۆر د. کیۆمارس ئەشکان، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەکانی پشت دەڵێت: نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بووە و چوار کاژێری خایاند.
 
بۆچی لەم جۆرە نەشتەرگەرییە، نەخۆشەکە بەئاگایە و دەبێت بجووڵێت؟
 
بەپێی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، کەسی نەخۆش بەئاگادەهێندرێتەوە بۆ ئەوەی قسە بکات، میوزیک بژەنێت یاخود گۆرانی بڵێت. ئەم تەکنیکەش پێی دەگوترێت ''intraoperative musical performance'' ئەمەش بۆ چەند مەبەستێک دەکرێت وەکو؛ 
 
- چاودێریکردنی نێردە دەمارییەکانی جووڵە و قسەکردن.
- دڵنیایی لە سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکە.
- کەمکردنەوەی زیانگەیاندن بە دەمارەخانەکانی مێشک.
 
هەر بەپێی ناوەندی کلیڤلاند، ''لێرەدا نەخۆش بە سڕکردنی خۆجێیی نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەکرێت، کە تەنیا دەمارەکانی سەری سڕدەکرێن و تەنانەت نەخۆش دەتوانێت قسە لەگەڵ پزیشکەکانیش بکات''.
 
ئەم ساڵ لە عێراق ئەم جۆرە نەشتەرگەرییەک بۆ میوزیکژەنێک کرا (راپۆرتەکە ببینە)