رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی ددانی پسپۆڕ لە چارەسەر و جوانکاریی ددان ئاشکرای دەکات، هەندێکجار چارەخواز داوای چارەسەرییەکی ددانی دەکات کە دەبێتە هۆی وێرانبوونی ددانەکەی و پزیشکان ناچارن بۆی نەکەن، بەڵام هەر رژدە لەسەر کردنی و دوای ماوەیەک خۆی دەبێتە قوربانی.
د. کانی مەحموود، پزیشكی ددانی پسپۆڕ لە چارەسەر و جوانکاریی ددان ئاشکرای دەکات، جوانکاریی راستەقینە ئەوەیە کە لەگەڵ پاراستنی تەندروستیی ددان و پووک بگونجێت. واتە پێش هەر کارێکی جوانکاری، پزیشک دەبێت سەرەتا دڵنیابێت لەوەی کە چارەخواز کاندیدێکی گونجاوە بۆ جوانکاریی ددان و ئەنجامدانی جوانکارییەکە لەگەڵ بنەما زانستییەکان یەکدەگرێتەوە، گەر نا جوانکارییەکە لە وێرانکاریی ددان خۆی دەگرێتەوە.
ئەوەش باس دەکات کە ئەگەر تەنیا گرنگی بە شێوە بدەین و بنەمای تەندروستی پشتگوێ بخەین، ئەنجامەکان زیانبەخش دەبن.
ئەو پزیشکە بە رووداوی راگەیاند، لە هەندێک حاڵەتدا، بەداخەوە بەناوی “جوانکاری”، بڕێکی زۆر لە مادەی سرووشتیی ددان دەتاشرێت بۆ دانانی ڤینیر یان کراون، لە کاتێکدا دەتوانرا بە رێگەیەکی پارێزکارانەتر چارەسەر بکرێت. ددان کاتێک بتاشرێت، جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ سرووشتی خۆی. بۆیە هەر بڕیارێکی جوانکاری پێویستە بە هۆشیاری و راوێژی دروست وەربگیرێت.
تەکنەلۆژیا و زانستی نوێ رێگەی باشتری هێناوە بۆ ئەوەی جوانی و پاراستن پێکەوە بگونجێن، وەکو؛
- جوانکاریی ددان بە کەمترین تاشین
- سپیکردنەوەی ددان بە شێوەی زانستی
- رێکخستنی ددان پێش جوانکاری
ئاماژەی بەوەشدا، هۆشیاریی نەخۆشیش لەم بابەتەدا گرنگە. هەندێک کەس تەنیا بەهۆی ترێند یان وێنەی سۆشیاڵ میدیا ئارەزووی گۆڕینی شێوەی ددانەکانیان دەکەن، بێ ئەوەی بزانن هەر کەسێک پێویستی بە ڤینیر یان تاشینی زۆر نییە. جوانیی راستەقینە ئەوەیە ددانەکان تەندروست، سرووشتی و گونجاو بن لەگەڵ رووخساردا.
لە کۆتاییدا گوتی: جوانکاریی ددان ئەگەر بە زانست، ویژدان و پاراستنی مادەی سرووشتی ددان بکرێت، دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر باش لەسەر متمانەبەخۆبوون و ژیانی کەسی هەبێت، بەڵام ئەگەر تەنیا بۆ نمایش بێت و بێ پلانی دروستبکرێت، دەبێتە هۆی وێرانکارییەکی هەمیشەیی بۆ ددان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ