رووداو - تەندروستی
کارگەیەکی رووسیا موژدەیەکی گەورەی تێدایە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە. لەوێ دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەری سێ جۆری باوی شێرپەنجە بەرهەم دەهێندرێت.
کۆمپانیای پێتڕۆڤاکسی رووسی رایدەگەیێنێت، ئەم دەرمانە نوێیە بۆ چارەسەری شێرپەنجەکانی لووت و گوێ، سییەکان و سوورێنچک بەکاردێت و ئێستا لەنێو بازاڕەکانی رووسیادا بەردەستە. ئەمەش موژدەیە بۆ رێگری لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو ملیۆن تووشبووی هەر سێ شێرپەنجەکە.
ئانتۆن ئالیخانۆڤ، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی رووسیا دەڵێت: بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانی نێوخۆیی رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووینەتەوە، بەتایبەت دەرمانی شێرپەنجە، ئێستا تیشک دەخەینە سەر باشترکردنی تەندروستیی گشتی و کەمکردنەوەی تێچووی نەخۆش، زۆر مایەی دڵخۆشییە کە ئەمڕۆ شایەتی ئەوەین کە خولێکی بەرهەمهێنانی دەرمانی نێوخۆیی لێرەدا بەرهەم دەهێندرێت.
ناوی بازرگانیی دەرمانە نوێیەکەی شێرپەنجە 'ئارێما'یە و وا لە بەرگریی جەستە دەکات، باشتر هێرش بکاتە سەر خانەکانی شێرپەنجە، بەمەش زووتر شێرپەنجەکە لە کۆڵ کەسی تووشبوو دەبێتەوە.
میخایل سیڤڕۆڤ، سەرۆکی کۆمپانیای پێتڕۆڤاکس بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان دەڵێت: لە بنەڕەتدا دەرمانەکە سیستمی بەرگریی دژی خانە شێرپەنجەییەکان چالاکتر دەکات، ئێستا چارەسەری ستانداردە بۆ چەندین جۆری شێرپەنجە، چونکە ئەنجامی نایابی هەبووە لەو نەخۆشانەی کە دەرمانەکانی دیکە لەسەریان شکستی هێناوە. چاوەڕوانین بۆ 10 جۆری دیکەی شێرپەنجەش بەکاریبهێنین.
لە رووسیا کاریگەریی ڤاکسینێکی دژەشێرپەنجە دەنگدانەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دوای مانگێک لە پێدانی بە نەخۆشێک، ئەنجامەکانی ئاشکرا کران؛ ''بەرگریی جەستەی هانداوە دژی شێرپەنجە و دەکرێت وەکو پێشگیریکردن بەکاربێت''. (هەواڵەکە لێرەوە بخوێنەرەوە).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ