رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست رایدەگەیێنێت، دژەخۆری باش تەنیا بە نرخەکەی هەڵناسەنگێندرێت، بەڵکو دەبێت چەند مەرجێکی تێدا بێت، لەوانە SPFـەکەی لە سەروو 30 بێت و لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر بە شێوەیەکی گشتگیر بمانپارێزێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24-5-2026 د. بانو زاهیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە بوڵتەنی تەندروستی راگەیاند، "زۆر گرنگە دژەخۆر لە شوێنێکی باوەڕپێکراو بکڕدرێت، ستیکەری وەزارەتی تەندروستیی پێوەبێت و لە پلەی گەرمیی گونجاودا هەڵبگیرێت."
د. بانو زاهیر ئاماژەی بەوە کرد "دوو جۆر دژەخۆر هەیە "کیمیایی و فیزیایی" خانمانی دووگیان یان ئەوانەی هەستەوەری پێستیان هەیە، باشتر وایە دژەخۆری فیزیایی بەکاربهێنن."
د. بانو زاهیر هۆشداریی دا لە هەڵگرتنی دژەخۆر لە پلەی گەرمیی بەرزدا و رایگەیاند، "نابێت دژەخۆرەکان لە پلەی گەرمیی بەرزدا هەڵبگیرێن، چونکە پێکهاتە و کوالڵیتییەکەی تێکدەچێت و زیان بە پێست دەگەیێنێت، ئەگەر بۆن یان رەنگەکەی گۆڕا، یان لەنێو ئۆتۆمبێلدا جێهێڵرابوو، نابێت بەکاربهێنرێتەوە."
بۆ ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆر لەبەر خۆردا دەمێننەوە، د. بانو زاهیر رێنوێنیی دا، "باشتر وایە دژەخۆرێک بەکاربهێنن کە SPFـەکەی سەروو 50 بێت و دژەئارەقکردنەوە بێت، هەروەها پێویستە چەند کاژێرێک جارێک دووبارەی بکەنەوە و کڵاو لەسەر بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ