رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا کە لەنێو کەشتیی گەشتیاریی (ئێم ڤی هۆندیۆس) بڵاو بووەوە، جێگیر بووە و ئاماژەی بەوەشدا، ماوەی 20 رۆژە هیچ حاڵەتێکی نوێی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە، ئەمەشی بە نیشانەی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە دانا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمی، تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت "کۆی گشتیی تووشبووانی تۆمارکراو لەسەر ئاستی جیهان گەیشتووەتە 12 کەس، لەنێویاندا 3 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەن کە هەموویان پێش 2ی ئایار بوون."
ئەوەشی باس کرد کە نوێترین تووشبوو یەکێک بووە لە ئەندامانی تیمی کەشتییەکە لە هۆڵەندا، کە دوای جێهێشتنی کەشتییەکە گواستراوەتەوە بۆ کەرەنتین. تائێستاش هیچ تووشبوویەکی نوێی پەیوەست بە بڵاوبوونەوەکە تۆمار نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەنتەرەکانی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان رایانگەیاند، لەنێو ئەو 18 سەرنشینەی کە لە کەشتییەکەوە گەڕاونەتەوە، هیچ تووشبوویەک نییە و ئاماژەیان بەوەشکرد، هەموویان تاوەکو 31ی ئایار لە کەرەنتین دەبن لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە شاری ئۆماها لە ویلایەتی نیبراسکا.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا راشیانگەیاند، لانیکەم 41 کەس بەهۆی ئەگەری بەرکەوتنیان بە ڤایرۆسەکە، لەژێر چاودێریدا بوون و دووپاتیانکردەوە، مەترسیی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ ئەمریکا هێشتا نزمە، لەگەڵ بەردەوامیی بەدواداچوونی دۆخی پەتاکە کە پەیوەستە بە گەشتە دەریاییەکە.
ئەمانە لەسەر ڤایرۆسی هانتا بزانە
ڤایرۆسی هانتا دەگمەنە زۆرجار لە رێگەی جرج و مشکی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەتایبەت لە رێگەی میز و لیکیانەوە. تاقیگەکان لە سویسرا و ئەفریقای باشوور پشتڕاستیان کردەوە، جۆری ڤایرۆسەکە بریتییە لە (ئەندێز - Andes)، کە تاکە جۆری ئەم ڤایرۆسەیە دەکرێت لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی دیاریکراو بۆ ئەم ڤایرۆسە نییە، بەڵام رێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەڵێ مەترسییەکە بۆ سەر خەڵک لە ئاستێکی نزمدایە، چونکە پێویستی بە بەریەککەوتنی زۆر نزیک هەیە بۆ بڵاوبوونەوە.
چۆن ڤایرۆسی هانتا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە میز، پیسایی و لیکی قرتێنەرەکان.
- تێکەڵاوبوونەوەی پاشماوەی قرتێنەرەکان بە خۆراک و ئاوی مرۆڤ.
- تێکەڵاوبوون و بەرکەوتن لەگەڵ کەسی تووشبووی ڤایرۆسەکە.
- دەستدان لەو شوێنەی پاشماوەی مشک و جرجی تێدایە و دواتریش دەستدان لە دەم و لووت.
نیشانەکانی ڤایرۆسی هانتا چین؟
لە سەرەتادا
- لەرز و تا
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان و بێهێزی
- پشتئێشە و ئازاری قاچەکان
- هێڵنجدان و رشانەوە
- ماندوویێتی
لە قۆناخی تووندی نەخۆشییەکە
- هەناسەتەنگی
- کۆبوونەوەی شلە لە سییەکان
- دابەزینی پەستانی خوێن
- خێرالێدانی دڵ
- سستبوونی گورچیلەکان
- ئەگەر چارەسەر نەکرێت، بە گیانلەدەستدان کۆتایی دێت
ئایا ڤایرۆسی هانتا چارەسەری هەیە؟
- تائێستا چارەسەری دیاریکراوی نییە.
- دەرمان بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و بەهێزکردنی بەرگریی جەستە بەکاردێت.
- نەخۆش دەخرێتە چاودێریی چڕ بۆ رزگارکردنی ژیانی.
بەم شێوەیە خۆت لە ڤایرۆسی هانتا بپارێزە
- پاککردنەوەی شوێنی مانەوە و شوێنی دروستکردنی خۆراک.
- دەستنەدان لەو شوێنانەی پاشماوەی مشک و جرجی لێیە.
- بەکارهێنانی گسکی کارەبایی بۆ پاککردنەوەی پێچ و کون و قوشبنەکان، بەڵام لەو کاتەدا دەمامک بەکاربێت.
- پاککەرەوەی کیمیایی گونجاو بەکاربێت بۆ پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی پاشماوەی مشک و جرجی لێیە.
- ئەو رێکارانە بگیرێنەبەر کە قرتێنەرەکان کەم دەکاتەوە و لەنێویان دەبات بەتایبەت لە ماڵ و شوێنی کار.
مەترسیی ڤایرۆسی 'ئەندێز' چییە؟
ئەوەی بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی نێودەوڵەتی، پشتڕاستکردنەوەی جۆری "ئەندێز" (Andes virus)ـە لەنێو تووشبووەکاندا؛ ئەمە تاکە جۆری ڤایرۆسی هانتایە کە دەتوانێت لە "مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ" بگوازرێتەوە.
تاوەکو ئێستا سێ کەس لەناو کەشتییەکەدا گیانیان لەدەستداوە، لەناو کەشتییەکەدا 150 کەس هەن کە هەڵگری 23 رەگەزنامەی جیاوازن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ