پسپۆڕێکی چاو: کاخەزی زەرد بەراورد بە کاخەزی سپی ئاسوودەترە بۆ چاو لەکاتی خوێندنەوە

25-04-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
د. ئەبوبەکر زاهیر کاوانی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو. وینە: رووداو
د. ئەبوبەکر زاهیر کاوانی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو. وینە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو رایدەگەیێنێت، کاخەزی زەرد بەراورد بە کاخەزی سپی ئاسوودەیی زیاتر بە چاو دەدات و هۆشداریشدەدات لە بەکارهێنانی پەرتووکە ئەلیکترۆنییەکان.
 
د. ئەبوبەکر زاهیر کاوانی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو دەڵێت: خوێندنەوە کاریگەریی خراپ و درێژخایێنی لەسەر چاوەکان نییە، بەڵام دەکرێت چاو ماندوو و وشکبکات.
 
هاوکات د. ئەبوبەکر ئاماژە بەوەشدەکات، شوێنی خوێندنەوە بایەخێکی زۆری هەیە بۆ خوێندنەوەیەکی تەندروست، بەجۆرێک رووناکیی شوێنەکە مامناوەند بێت و ئەگەر رووناکیی خۆریش بێت باشترە.
 
تەنانەت ئەو پسپۆڕە ئاماژە بە ماوەی دووریی نێوان چاو و پەرتووک دەکات و دەڵێت: ''باشترە لەنێوان 25 بۆ 50 سانتیمەتر بێت کە دەشێت بەگوێرەی توانا و تەمەنی کەسەکە بگۆڕێت''.
 
لە پرسیارێکی رووداودا لەبارەی کاریگەریی کاخەزی سپی و کاخەزی زەرد لەسەر تەندروستیی چاوەکان، ئەو پسۆڕە گوتی، هەردووکیان ئاسایین، بەڵام کاخەزی زەرد بۆ چاوەکان ئاسوودەترە بەراورد بە کاخەزی سپی.
 
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە، لەکاتی خوێندنەوە پشوو بدرێت و یاسای 20،20،20 بەکاربێت، بەجۆرێک لەکۆی 20 خولەک خوێندنەوە 20 چرکە سەیری دوورییەک بکرێت کە لانیکەم 20 پێ کە دەکاتە شەش مەتر یاخود زیاتر دووربێت.
 
لە کۆتاییدا د. ئەبوبەکر کاوانی بەراورد لەنێوان خوێندنەوەی پەرتووک بە شێوەی ئەلیکترۆنی و بە شێوەی کاخەز دەکات و دەڵێت: ''پەرتووکە ئەلیکترۆنییەکان چاو ماندوودەکەن و وشکبوونەوەی زیاتر دەکەن بەراورد بە پەرتووکە کاخەزییەکان، هاوکات پەرتووکە ئەلیکترۆنییەکان باشترە کە رووناکی و شێوەی رەنگەکەیان دەستکاری بکرێت تاوەکو خوێنەر ئاسوودەبێت پێیان''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە