رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی بایلۆر لە ئەمریکا دەریدەخات، گرنگیدان بە بەرەوپێشبردنی لایەنی کۆمەڵایەتی منداڵ لە تەمەنێکی زووەوە، بەشێوەیەکی ئەرێنی کاردەکاتە سەر ژیانی منداڵەکە لە داهاتوو.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، تێکەڵاوبوون لە تەمەنێکی بچووک توانای پەیوەندی دروستکردن باشتردەکات، پەرە بە پەیوەندی هاوڕێیەتی و هاوسۆزی دەدات و دیدگای منداڵ فراوانتر دەکات.
دکتۆر ئێریک ستۆرچ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''تێکەڵ بوون و دروستکردنی هاوڕێیەتی لە تەمەنێکی زوو، متمانە بەخۆبوون زیاددەکات''.
دکتۆر ستۆرچ ئاماۆژگاری هاووڵاتییان دەکات لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان ئەم سێ رێنماییە جێبەجێ بکەن؛
- دەرفەت بۆ منداڵان دروست بکرێت کە خۆیان بن، هەر منداڵێک جیاوازە، رەنگە یەکێکیان چێژ لە وەرزشکردن وەربگرێت لە کاتێکدا رەنگە منداڵیكی دیکە چێژ لە رەسمکردن وەربگرێت.
- منداڵان لە گرووپەکاندا بەشداریان پێبکرێت بۆ پەرەپێدانی توانا کۆمەڵایەتییەکان.
- لە کاتی هەستکردن بە خراپی دۆخی دەروونی منداڵ و نەبوونی توانای پەیوەندی دروستکردن راوێژ بە پسپۆڕی دەروونی تایبەت بە منداڵان بکرێت.
