رووداو – تەندروستی
لەبارەی رێکخستنی خەو لەساڵی داهاتوودا، پسپۆڕێکی فیسیۆلۆژی دەڵێت: ''لە کۆمەڵگەی کوردیدا غەدرێکی زۆر لە خەو کراوە، لەکاتێکدا زۆر بە تووندی خەو تۆڵە لەو کەسانە دەکاتەوە کە غەدری لێدەکەن''.
د. شێروان رەحمان نانەکەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و فیسیۆلۆژیی جەستە بە رووداوی گوت، زۆر گرنگە هەر تاکێک لە 2024 بۆ رێکخستنی خەوی دوو بەڵێن بدات، یەکەم؛ زووخەوتن، دووەم؛ تێرخەوتن.
د. شێروان نانەکەلی روونی دەکاتەوە، ناڕێکیی خەو کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەواوی جەستە دروستدەکات، بەوەی کە هۆکارێکی تووشبوونە بە نەخۆشییە درێژخایێنەکان بەتایبەت شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن.
بە گوتەی د. شێروان، مانەوەی کار یاخود کەڵەکەبوونی ئەرکەکان تا درەنگانی شەو هۆکارێکی ناڕێکیی خەوتنە، بۆیە پێشنیازدەکات، پێش کاژێر 9ـی شەو سەرجەم ئەرکەکان تەواو بووبن و تاک خۆی بۆ خەوتن ئامادەبکات.
لەبارەی خۆراکەوە پسپۆڕەکەی فیسیۆلۆژی گوتی، ئەو خۆراکانەی کافاینیان تێدایە شەوانە نەخورێنەوە وەکو 'چا، قاوە، شوکولاتە و خواردنەوە وزەبەخشەکان'.
د. شێروان نانەکەلی دەڵێت: شەوێک درەنگخەوتن ئاساییە، بەڵام بەردەوامی لەسەر درەنگخەوتن مەترسیدارە و ئاسایی نییە، دەشڵێت: باشترین کات بۆ خەوتن لە شەوانە و خەوی رۆژ جێگەی خەوی شەو ناگرێتەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە رێنوێنیی دایک و باوکان دەکات و دەڵێت: ''پێش رێکخستنی خەوی منداڵەکانیان، خەوی خۆیان رێکبخەن''.