رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی 77ـەمین کۆنگرەی خۆی لە ژنێڤ دەستپێکرد و درووشمی کۆنگرەکەش ''هەمووان بۆ تەندروستی و تەندروستیش بۆ هەمووان''ـە.
لە ژنێڤی پایتەختی سویسرا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆک و جێگری وڵاتانی هاوبەش، 77ـەمین کۆنگرەی خۆی دەستپێدەکات و ئامانجی کۆنگرەکە ئەوەیە کە تەندروستیی گشتی بە هەموو تاکێکی جیهان بگات.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەنێو کۆنگرەکە دەڵێت: ''زیاتر لە چوار ملیار و 500 ملیۆن کەس لە جیهاندا خزمەتگوزاریی تەندروستییان بە تەواوەتی پێناگات''.
د. تێدرۆس ئادهانۆم ئاشکرای دەکات، زیاتر لە دوو ملیار کەس بەهۆی بارگرانیی داراییەوە بێبەشن لە خزمەتگوزاریی تەندروستی.
سەرۆکی WHO ئەوەشی گوت کە بەکارهێنانی تووتن لە 150 وڵات کەمبووەتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ساڵی رابردوو 13 وڵات کارەکانیان دەستپێکردووە بۆ کەمکردنەوەی خۆراکە ئامادەکراوەکان کە چەوریی زیانبەخشی گۆڕاویان تێدایە لەپێناو کەمکردنەوەی رێژەی قەڵەوی.
هاوکات د. تێدرۆس گوتی، یەکێک لە لێکەوتەکانی پەتای کۆڤید-19 دواخستن و تێکدانی خشتەی کوتان بوو، بەجۆرێک کە وایکرد هەریەک لە نەخۆشییەکانی سوورێژە، کۆکە رەشە و تای زەرد بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بڵاوببنەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بە هەندێک وڵات دەکات کە چەند نەخۆشییەکیان تێدا بنبڕکراوە بەم شێوەیە؛ میسر ڤایرۆسی جگەری جۆری سی بنبڕکردووە، عێراق و مالی ترایکۆمایان بنبڕکردووە، بەنگلادیشیش یەکەم وڵاتە کە لیشمانیای تێدا بنبڕکرابێت.
کۆنگرەکە ئەمڕۆ 27ـی ئایار دەستیپێکرد و تاوەکو 1ـی حوزەیران بەردەوامدەبێت، هاوکات رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە 1948ـەوە دامەزراوە کە رێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە و کاردەکات بۆ هاوئاهەنگیی وڵاتان لەپێناو بەدەستهێنانی تەندروستیی گشتی و پاراستنی تەندروستیی تاکەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ