توێژینەوەیەکی فەرەنسی: تامی زیادکراوی نێو کێک و بسکویت هۆکارێکی شەکرەیە لەنێو منداڵان

29-04-2024
لونا خالید
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەک لە فەرەنسا ئاشکرای دەکات، تامی زیادکراوی ناو کێک و بکسویت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە زیاددەکات. 
 
توێژینەوەکە لە پەیمانگەی نیشتمانیی توێژینەوە بۆ کشتوکاڵ، خۆراک و ژینگە کرا و دەرکەوت، حەوت جۆری زیادکراوی تام کە زیاددەکرێن بۆ خۆراکە ئامادەکراوەکانی وەکو 'بسکویت و کێک' مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو زیاددەکەن بەتایبەت لەنێو منداڵان. 
 
دکتۆر بێرنارد سرۆر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: شێوازێکی ژیانی نا تەندروست و خۆراکی ناتەندروستی وەکو خۆراکە ئامادەکراو و خۆراکە خێراکان، دەکرێت هۆکاربن بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو.
 
دکتۆر بێرنارد دەشڵێت: ''تامی زیادکراو زۆرجار دەخرێتە نێو کێک، بسکویت و شیرینی و منداڵانیش هەوادارێکی سەرەکیی ئەمانەن''، تەنانەت باسی هەریەک لە ئایسکرێم، شوکولاتە، نان و ژەمە ئامادەکراوەکان دەکات کە بۆ دەرکەوتنیان بە جوانتر، خۆشترکردنی تاموچێژەکەیان و درێژکردنەوەی تەمەنیان لەسەر رەفەکانی مارکێتەکان تام، بۆن و مادەی پارێزەری زیادکراویان تێدەکرێت. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی 530 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشبووی نەخۆشیی شەکرەن، کە 98٪یان تووشبووی شەکرەی جۆری دوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە