رووداو - تەندروستی
لەنێو یەکەمین پێشانگە و کۆنفرانسی گەشتیاریی پزیشکیی عێراق پڕۆژەی دەستپێکردنی کارگەیەکی ئەنسۆلین لە عێراق راگەیێندرا، بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی کە سەرپەرشتیی بەڕێوەبردن و دروستکردنی کارگەکە دەکات، قسەی بۆ رووداو کردووە و دەیانەوێت پێداویستیی دەرزیی ئەنسۆلین لە عێراق دابینبکەن و بیدەن بە وڵاتانی دراوسێش.
د. عەبدوڵڵا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای APEX کە سەرپەرشتیی بەرهەمهێنانی دەرزیی ئەنسۆلین لە عێراق دەکات لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند، ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی دەرمانی ئەنسۆلینە بۆ تووشبووانی شەکرە بە کواڵیتیی بەرز و نرخێکی گونجاو.
د. عەبدوڵڵا محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، بیرۆکەی پڕۆژەکە ئەوەیە بەرهەمی نێوخۆیی بە هەرزانتر لە بەرهەمە هاوردەکراوەکان بۆ عێراق دابین بکەن، ئەوەشی گوت، ''لە قۆناخی یەکەمدا توانای بەرهەمهێنانمان دوو ملیۆن دەرزیی دەبێت لە ساڵێکدا. بەپێی پێویستیی بازاڕ دەتوانین بە هەمان ئامێر و هەمان هەوڵ و هەمان کاتەکانی کارکردن توانای بەرهەمهێنان بۆ 90 ملیۆن دەرزی لە ساڵێکدا زیاد بکەین''.
لەبارەی پلانەکانی داهاتوویانەوە ئاشکرای کرد، ''پڕۆژەی یەکەممان بەرهەمهێنانی دەرزیی ئەنسۆلینە، پڕۆژەی دووەممان بەرهەمهێنانی ژیناوە، لەوانەیە لە نێوخۆی عێراق زیاتر لە یەک کارگە هەبن کە ژیناو بەرهەم بهێنن، بەڵام ئەوەی ئێمە بە کواڵیتیی بەرز دەبێت و 100٪ ئەورووپی دەبێت، هەروەها تایبەتمەندییەکانیشی جیاواز دەبێت لەوانەی ئێستا کە لە بازاڕدا هەن. بۆیە بەرهەمەکان رکابەر و هاوتای ئەوانەن کە لە ئەورووپا بە تایبەتمەندیی پێشکەوتوو و گەشەسەندوو هەن.''
لە کۆتاییدا گوتی، ''تا ئێستا هیچ هاوئاهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵام هیوادارین و ئاواتەخوازین بۆ ئەمە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ژینگەی وەبەرهێنان لە کوردستان و گەلەکەمان لە کوردستان کە هاوکات شایەنی ئەوەن دەرمانی سەلامەتیان بۆ دابین بکەین بە نرخێکی گونجاو و کواڵیتیی بەرز''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ