پسپۆڕێکی شێرپەنجە هۆکاری گیانلەدەستدانی پێلێ رووندەکاتەوە

30-12-2022
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پێلێ، ئەفسانەی تۆپی پێی جیهانی و یاریزانی هەڵبژاردەی باڕازیل لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و خۆسێ رۆدریگێز، راوێژکارە تایبەتییەکەی رایدەگەیێنێت، دوای تووشبوونی بە شێرپەنجەی کۆڵۆن، ئاڵۆزییەکانی نەخۆشییەکە باری تەندروستی پێلێیان خراپتر دەکرد. 
 
بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستیی پێلێ لە 29ـی تشرینی دووەمـی 2022 لە نەخۆشخانەی ئەلبێرت ئەنیشتاین لە ساوپاولۆی بەرازیل پێلێ خەوێندرا، دوای یەک مانگ لە نەخۆشخانە لە 29ـی کانوونی یەکەم کۆچی دوایی کرد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی پڕۆگرامی وەرزشی لە ئەمریکا ESPN، پێلێ لە مانگی ئەیلوولی 2021ـەوە ململانێ لەگەڵ شێرپەنجەی کۆڵۆن دەکات، پزیشکانی نەخۆشخانەی ساوپاولۆ دەڵێن: شێرپەنجەکە ناڕێکی لەسەرجەم ئەندامەکان دروستکردبوو، سەرئەنجام سستبوونی گورچیلەکان و ناڕێکی دڵ بوونەهۆی گیانلەدەستدانی یاریزانەکە. 
 
دکتۆر ئەنوراگ کومار، پسپۆڕی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی شێرپەنجە لە هیندستان و سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانی پزیشکانی شێرپەنجە لە وڵاتەکە روونیدەکاتەوە، شێرپەنجەی کۆڵۆن لە ریخۆڵە گەورەکاندا روودەدات، کە زۆرجار پێی دەگوترێت شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە، هەروەها پسپۆڕەکە دەڵێت: شێرپەنجەکە وردە وردە بە تەواوی ریخۆڵەکان و دواتر بە ئەندامەکانی جەستەدا بڵاودەبێتەوە کە رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکە زۆر قورس دەبێت.
 
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە چەند گرووپێکی مەترسیدار بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆلۆن باسدەکات و دەڵێت: ''ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییە لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات، 'تووشبووانی شەکرە، کەسانی قەڵەو و جگەرەکێش' مەترسیی زیاتری ئەم نەخۆشییەیان لەسەرە.''
 
دکتۆر ئەنوراگ کومار نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن باسدەکات و دەڵێت: 'گۆڕانی رەنگی پیسایی، بوونی خوێن لە پیسایی، قەبزی و ئاوسانی گەدە' نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەکەن کە دەبێت گرنگیان پێ بدرێت و لە کاتی هەستپێکردنیان بەزوویی سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.
 
لە کۆتاییدا پسپۆڕەکەی شێرپەنجە دەڵێت: ''ئەگەر نەخۆشییەکە زوو دەستنیشان بکرێت، دەتوانرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێت، هاوکات شێرپەنجەی کۆلۆن بە 'نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی و چارەسەر بە بەرگری' چارەسەر دەکرێت، بەڵام زۆر جار نەخۆش بە هۆی زۆریی تەمەنیەوە جەستەی وەڵامی چارەسەر بە باشی ناداتەوە و دەبێتەهۆی گیانلەدەستدان.''
 
بەگوێرەی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکی، شێرپەنجەی کۆلۆن سێیەم باوترین شێرپەنجەیە و ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن تووشبوو لە جیهاندا تۆماردەکرێن، تەنیا ئەمساڵ لە ئەمریکا زیاتر لە 106 هەزار تووشبووی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە تۆمارکراوە.
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، 'چالاکیی جەستەیی، خۆراکی تەندروست، کەمکردنەوەی کهول، کێشڕێکی، دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلەکێشان' بۆ پێشگیریکردن لە شێرپەنجەی کۆلۆن کاریگەرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە