رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە رایدەگەیێنێت، بەهۆی جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا جەختی زۆر لە هێڵی پێشەوەی تەندروستی دەکەین کە بەشی فریاگوزارییە، بەتایبەت دابینکردنی کەلوپەل و راهێنانی کارمەندان.
ئەمڕۆ سێشەممە 31-3-2026 د. محەممەد فەرمان، بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، جەخت لە باشترکردنی کواڵیتیی تیمەکان و پێداویستییەکانی فریاگوزاری دەکەنەوە، تاوەکو لە ئەگەری هەر ئاڵۆزییەکی جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا لەو ناوچەیە، دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
د. محەممەد فەرمان دەڵێت: ئێستا نۆ ئەمبوڵانسمان هەیە، بەڵام تەنیا سێ دانەیان بەکەڵکی گواستنەوە دێت و ئەوانی دیکە کەموکورتییان هەیە و کۆنن.
ئەوەشی باس کرد کە دوو ساڵە داوای سێ ئەمبوڵانسیان کردووە و ''لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەزامەندیی دراوە، تەنیا رەزامەندیی وەزارەتی دارایی ماوە''.
بەگوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە، ساڵێکە بایی 2.5 ملیۆن دۆلار کەلوپەل و پێداویستیی پزیشکی بۆ کۆیە کڕدراون و دابینکراون، بەم زووانە ئامێری قەستەرەش دابیندەکرێتەوە.
هاوکاریی پزیشکانی بێسنووری بەلجیکی
رۆژی دووشەممە 30-3-2026 تیمێکی پزیشکانی بێسنووری بەلجیکی لە هەرێمی کوردستان سەردانی تەندروستیی کۆیەی کرد و بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە دەڵێ، ئامانج ئەوە بووە هاوکاریی کەرتی فریاکەوتنی کۆیە بکەن ئەمەش بە راهێنانی کارمەندان و دابینکردنی پێداویستییەکانی فریاگوزاری، بەتایبەت لەم دۆخەی کە ئێستا کۆیەی تێدایە و بەر چەند هێرشێکی ئێران کەوتووە لەم جەنگەدا.
عەلی سەڵتە، پەرستار و راهێنەری فریاگوزاریی سەرەتایی لە پزیشکانی بێسنووری بەلجیکی دەڵێت: لەم دۆخەی ئێستا کە کۆیەی تێکەوتووە ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ راهێنان و شارەزابوونی ستافی 122 و کارمەندانی دیکەی نەخۆشخانە فریاکەوتنەکانی کۆیە تاوەکو لە ئەگەری هەر هێرش و ئاڵۆزییەکی جەنگی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا بە باشی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
ئەمەش بزانە
لە سەرەتای ئەم جەنگەی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران چەند جارێکە کەمپی ئازادی لە کۆیە دەکرێتە ئامانج و چەند قوربانییەکی لێکەوتووەتەوە. (بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە) (هێرش کرایە سەر فێرگەی کۆنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ