رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو رایدەگەیێنێت، 31٪ـی پیاوان و 5٪ـی خانمانی عێراق جگەرەکێشن و بەهیچ شێوەیەک کاریگەریی نەرێنیی نێرگەلە لە جگەرە کەمتر نییە.
رۆژی چوارشەممە 31-5-2023 هاوتا لەگەڵ رۆژی جیهانیی وازهێنان لە جگەرەکێشان، دکتۆر عومەر ئەحمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو بە رووداوی راگەیاند، کێشانی جگەرە و نێرگەلە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و رەقبوونی خوێنبەرەکان زیاددەکات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەواوی ئەندامەکانی جەستە دەبێت.
دکتۆر عومەر ئەحمەد ئاشکرای دەکات، 20 خولەک نێرگەلەکێشان دەکاتە کێشانی 20-25 جگەرە، هەروەها دەشڵێت: نێرگەلە زیانەکانی زۆر لە جگەرە مەترسیدارترە بەهۆی ئەوەی کەسەکە لەکاتی کێشانیدا کاتێکی زیاتر بەردەوامدەبێت.
بە گوتەی پسپۆڕەکە، جگەرە و نێرگەلە کاریگەریی لەسەر سەرجەم بەشەکانی جەستە دەبێت بەتایبەت دڵ و سییەکان، هەروەها ئەوەشی ئاشکراکرد کە رۆژانە حاڵەتی جەڵتەی دڵ دەبینن کە بەهۆی کێشانی جگەرە و نێرگەلەوە بووە.
پسپۆڕەکە روونی دەکاتەوە، تەمەنی ئەو کەسانەی بەهۆی جگەرەکێشانەوە تووشی جەڵتەی دڵ دەبن لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵانن.
لەبارەی کاریگەریی وەرزش لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی جگەرە و نێرگەلە دکتۆر عومەر دەڵێت: کاریگەرییە نەرێنی و مەترسیدارەکانی جگەرە و نێرگەلە کەمناکاتەوە.
لە بارەی خانمانیشەوە پسپۆڕەکە گوتی، ''کێشانی جگەرە و نێرگەلە یاخود بەرکەوتن بە دووکەڵەکەیان بە هەموو شێوەیەک بۆ ژنی دووگیان مەترسیدارە و دەشێت ببێتەهۆی لەدایکبوونی منداڵ بە ناکامی و لەبارچوونی منداڵ''.
لە کۆتاییدا گوتی، راگەیاندن رۆڵێكی کاریگەر دەبینێت لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ کەمکردنەوەی کێشانی تووتن و هۆشیارکردنەوەیان لە مەترسییەکانی جگەرە و نێرگەلە ، هەروەها بە پێویستیشی دەزانێت کە لە شوێنە گشتییەکان سنوورداربکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ