رووداو-هەولێر
حوسێن عەلیزادە، ئاوازدانەر، توێژەری میوزیک و ژەنیاری بەناوبانگی تار لە ئێران بە سەردانێکی چەند رۆژە میوانی (رووداو) و کوردستان بوو، لە سلێمانی بەشداری لە پانێلێکی تایبەت بە میوزیک کرد. عەلیزادە کە بە پارچە میوزیکی نەینەوا لە باشووری کوردستان زۆر ناسراوە، لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی میوزیکی کلاسیکی ئێرانە و سێ جار بەربژێر بووە بۆ خەڵاتی گرامی تایبەت بە میوزیک.

حوسێن عەلیزادە لە نووسینگەی سەرەکی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر
حوسێن عەلیزادە لە میوزیکی فیلمیشدا دەستێکی باڵای هەیە، میوزیکی بۆ سێ فیلمی کوردی بەناوەکانی ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان، کیسەڵەکانیش دەفڕن و نیوەی مانگ داناوە. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێت حەز دەکات پارچە میوزیکی نەینەوا لە کوردستان پێشکەش بکاتەوە.
رووداو- هەولێر
رووداو: یەکەمجارە سەردانی باشووری کوردستان دەکەیت؟ هەستت چۆنە و چۆن دەڕوانیتە کوردستان؟
حوسێن عەلیزادە: هەر لەو ساتەی هاتمە هەولێر و لە فڕۆکەخانە قسەم لەگەڵ کرا و دواتریش کە لە بازاڕ و شاردا گەڕام، هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو. هەستدەکەم هاتوومەتە ماڵی خۆم. ئەوەی کە هونەرمەندان و رۆشنبیران دەبێت کاری لەسەر بکەن ئەوەیە لە وڵاتانی دراوسێ و هاوفەرهەنگ زیاتر نزیک ببینەوە. ئێمە هەموومان چاومان لە رۆژئاوایە و باش دەیانناسین، هەم زمانیان و هەم فەرهەنگ و دابونەریتیان، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانی خۆمان نییە. هۆکارەکەشی زیاتر سیاسییە کە ئەگەر دراوسێکان لەگەڵ یەک لە جیاتی دژایەتی و دوژمنایەتی دۆست بن، دەبنە هێزێکی گەورە. هەر کەسێکم لەسەر شەقام لە هەولێر دەبینی وامدەزانی برا و خوشک و کەسوکاری خۆمە.
بەدرێژایی 40 بۆ 50 ساڵی رابردوو سەفەرم بۆ زۆر شوێنی جیهان کردووە، بەڵام تام و چێژی ئەم سەفەرە بۆ کوردستان بۆ هەمیشە لە گیانمدا دەمێنێتەوە، پێشتر بۆ هەر شوێنێکی دیکەی جیهان کە دەڕۆیشتم، هەستی ئەوەم هەبوو کە لە نیشتمانی خۆم دوورکەوتوومەتەوە، بەڵام ئەمجارە وا هەستدەکەم هاتوومەتە نیشتمانێکی دیکەم.
رووداو: چۆن دەڕوانیتە میوزیک لە کوردستان و میوزیکی کوردی؟
حوسێن عەلیزادە: میوزیکی کوردی زەریایەکە کە ئەگەر بڵێم بەباشی دەیناسم ئەوە زێدەڕۆییم کردووە، بەڵام من لەو کەسانەم عاشقی میوزیکی کوردی و گەلی کوردم. دۆست و هاوڕێی کوردم زۆرن لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران، هەر لەسەرەتای لاوێتیمەوە لەگەڵ فەرهەنگی کورد ئاشنابووم، مۆسیقای کوردی ئەوەندە پڕبارە، زۆربەی نەوەکانی ئەم سەردەمە تێناگەن کە چ سامانێکی گەورەیان هەیە. ئەو میوزیکەی کە ئاشنام لەگەڵیدا و رۆژ بە رۆژیش زیاتر هەوڵدەدەم بیناسم و میوزیکناسە جیهانییەکانیش لەگەڵیدا ئاشنا دەبن، زەریایەکە کە کۆتایی نایەت. من زۆر ئاشنای ئەم بەشەی کوردستان نیم، بەڵام لە کوردستانی ئێران دەبینم هەموو چاویان لە میوزیک و فەرهەنگی گەلانی دیکەیە، ئەمە هیچ عەیبەیەکی تێدا نییە، بەڵام بەمەرجێک سەرەتا رەگ و ریشەی خۆت بناسی. مۆسیقای کوردستان تەنیا ئەو میوزیکە بەزمی و ریتمیکە نییە کە قووڵایی میوزیکەکەی
ئەمجارە وا هەستدەکەم هاتوومەتە نیشتمانێکی دیکەم
کاتێک بۆ میوزیکی فیلمێک قسەم لەگەڵ بەڕێز بەهمەن قوبادی کرد و پێشنیازی میوزیکی یەکەمین فیلمی خۆی بە من کرد، لێمپرسی دڵنیای ئەو پێشنیازە بەمن دەکەی؟ چونکە من کورد نیم. ئەگەرچی بوێری و پشتبەستنی قوبادی بە من جیهانێکی نوێی بەڕووی مندا کردەوە. دوای ئەوە بوو کە من زیاتر چوومە نێو موسیقای کوردستان و لەبیرمە بۆ بەشێکی زۆر بچووک لە پارچە میوزیکی فیلمەکە زیاتر لە 200 کاژێر گوێم لە میوزیکی کوردی گرت. ئێستا وا دەبینرێت من کۆپیم کردووە لەو جۆرە میوزیکە، لەکاتێکدا ئەوە هەڵەیە و من تەنیا تەحریرێک کە بەسەر دوو نۆتەوە دەگەڕا، کردمە دەستمایەی کارەکەم و ئەو میوزیکەم دروستکرد. تەنانەت بەڕێز ئیبراهیم سەعیدی کە لەسەر دۆکیۆمێنتارییەک لەبارەی تاوانەکانی سەدامەوە لەبەرامبەر کورد کاری دەکرد، کاتێک دۆکیۆمێنتارییەکە تەواو کرا، من بۆ میوزیکی کۆتایی دۆکیۆمێنتارییەکە بیرم لەوە دەکردەوە کە چ پارچە میوزیکێکی کوردی دابنێم و دەمویست شتێک بێت کە پێشتر نەکرابێت و نەبیسترابێت، ئەوکاتە رێگەم بەخۆمدا کاتێک شیعری کوردییان بەمن دا، من لەسەر پارچە میوزیکێک دایبنێم. ئەوکاتە بوو زانیم کە ئەگەر بە ئیمان و باوەڕ و هەستەوە سەیری فەرهەنگێکی دیکە بکەی، ئەو فەرهەنگە دەڕژێتە ناو تۆ، بۆیە ئەو پارچە میوزیکەم بۆ ئەو دۆکیۆمێنتارییە دروستکرد و ئێستاش هەرکەس دەیبیستێ، بڕواناکات کاری کەسێکە کە کورد نییە.
رووداو: جیا لە میوزیکی فیلم هیچ هاوکارییەکت لەگەڵ هونەرمەندانی کورد بووە، وەک ئەلبوومی میوزیک یان کۆنسێرت لەگەڵ گۆرانیبێژانی کورد؟
حوسێن عەلیزادە: پێش میوزیکی فیلمەکان، پێشتر کارم لەگەڵ بەڕێز شەهرام نازری کردووە، هەروەها دۆستایەتی نزیکم لەگەڵ کامکارەکان هەبووە، ئەگەرچی بەشێوەی تایبەتی کارێکمان پێکەوە نەکردووە، بەڵام ژیانێکمان هەبوو لە (چاوۆش)* کە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ئەو گرووپە کورد بوون. زۆرکات هەبوو لە پارچە میوزیکەکانی خۆمدا لە میلۆدی کوردی کەڵکم وەرگرتووە بۆ نموونە 34 ساڵ پێش ئێستا لە ئەلبوومی تۆرکەمەن لە بەشێکیدا لە گۆرانی ئەسمەر ئەسمەری کوردی کەڵکم وەرگرتووە. لە میوزیکی فیلەمەکاندا هەبووە و زۆرتریش پێمخۆش بووە کەڵک لە دەنگی ژن وەرگرم، هەروەها 18 ساڵ پێش ئێستا لە زنجیرە کۆنسێرتێکمدا لە دەرەوەی وڵات و لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیا سێ فەرهەنگی مازەندەران و کوردستان و قەشقاییم پێکەوە گرێدا. بەو کارانەی کردوومە هەڵمداوە وەک میوزیکدانەرێکی ئێرانی بناسرێم نەک فارس. من لێرە دان بەوەدا دەنێم میوزیکی کوردی دەرگایەکی بۆ من کردەوە کە فەرهەنگەکانی دیکەش بناسم.
رووداو: ئێوە یەکێکن لە بەناوبانگترین میوزیسیانەکانی ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناسراون، بەڵام لە باشووری کوردستان بە پارچە میوزیکی نەینەوا دەناسرێن، چۆن بوو ئەو پارچە میوزیکەتان دروستکرد و ئایا دەزانن کە لێرە ئەو میوزیکە زۆر جێگەی خۆی لەنێو خەڵکدا کردووەتەوە بەهۆی ئەو مەینەتیانەی بەسەر خەڵک لەم بەشەی کوردستان هاتووە؟
حوسێن عەلیزادە: من نەینەوام 35 ساڵ پێش ئێستا نووسیوە. دوای نەینەواش بەرهەمی زۆرم هەبووە، بەڵام هەر لەو ساڵانەی سەرەتایی کە نەینەوا پەخشکرا، هەم لە ئەوروپا و هەمیش لەو وڵاتانەی کە نزیکایەتی فەرهەنگیمان پێکەوە هەیە، لە تورکیا و ئازەربایجان و کوردستانیش هۆگرێکی باشی هەبوو. من خەریکبوو بیرم بچێتەوە کە نەینەوام دروستکردووە، بەڵام لەو ماوەیەی لە هەولێرم دووبارە هەموو شتێک بۆم زیندوو بووەتەوە، دەکەومە بیری ئەو رۆژانەی کە نەینەوام دەنووسی. لەو رۆژانەدا هیچ رێگاچارەیەکی دیکەم نەبوو ئەوەندە پرسەکانی ئەو سەردەمەی نەینەوام تێدا نووسی بارقورسییان لەسەرم دروستکردبوو، یان دەبوو بچوومایەتە شوێنێک و هاوارم بکردایە، یانیش بەیەکجاری لەم جیهانە بڕۆشتمایە ئەوەندە رۆژانێکی سەخت و دژوار بوون. لەلایەکەوە شەڕی ئێران و عێراق بوو، هەروەها لەبەر پرسە سیاسییەکانی ئەو کاتە زۆربەی دۆستان و نزیکان و خوێندکارەکانم رۆیشتبوون، ئەو رۆژانە زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی کە پەرێشان و نیگەران دەبوون و دڵیان پڕ دەبوو، دەبوو بەشێوەیەک خۆیان خاڵی بکەنەوە، لەو
میوزیکی کوردی دەرگای ناسینى فەرهەنگى دیکەى بۆ کردمەوە

رووداو: بۆ ئێمەی کورد رێکەوتێکی جێی سەرنج ئەوەیە کە ژەنیاری ئامێری نەی لە نەینەوا هونەرمەندێکی کوردە، ئەمە چۆن بوو، چۆن جەمشید عەندەلیبی هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ببێتە ژەنیاری نەی لە نەینەوا؟
حوسێن عەلیزادە: ئەوکاتەی کە لە (چاوۆش) بووین، ئەندامانی گرووپەکە زۆربەیان یان قوتابی من بوون یان محەممەد رەزا لوتفی. کاتێک پەیمانگای هونەریان داخست، ئەوان دەهاتن بۆ لای ئێمە و لەوێ درێژەیان بە فێربوونی هونەر و میوزیک دەدا. بۆ نەینەوا دەبووایە لەنێوان دوو ژەنیاری نەی، جەمشید عەندەلیبی و بێهروز ئەفشارنیا یەکێکیان هەڵبژێرم، جەمشید عەندەلیبی توانایەکی زۆر باشی هەبوو بۆ فێربوون، هەروەها
لە هەولێر میوزیکى نەینەوام بیرهاتەوە
رووداو: هیچ بەرنامەیەکتان هەیە بۆ ئەوەی کۆنسێرتێک لە باشووری کوردستان پیشکەش بکەن و نەینەوا لێرەش بچێتە سەر ستەیج بۆ هۆگرانی ئەو پارچە میوزیکە؟
حوسێن عەلیزادە: بە دڵنیاییەوە، من لەگەڵ بەڕێز حوسێن زەهاوی کە قسەمان دەکرد چاوەڕوان بووم ئەو پێشنیازی کارێکی وا بکات، بەڵام ئێستا ئەوە من پێشنیازی پێدەکەم (بە پێکەنینەوە)، پێموایە پێشکەشکردنی نەینەوا لێرە هەستێکی زۆر جوانی دەبێت، دەتوانین بەشێوەیەکی تایبەت بیر لەو کۆنسێرتە بکەینەوە، نەینەوا لێرە ببەینە سەر ستەیج یان بە ئۆرکێسترایەک لێرە لە کوردستان، یان لە ئێرانەوە ئۆرکێسترایەک بهێنین، لەبەر ئەوەی ئەو مەودایەی نێوانمان هەم لەلایەنی هەست و سۆز و دڵەوە و هەمیش لە مەودای نێوان ئێران و کوردستان ئەوەندە نزیکە کە بە ئاسانی دەکرێت. هەمیشە من خەم لەوە دەخۆم کە ئەو گەلانەی کە مەودای نێوانیان ئەوەندە نزیکە بۆ دڵیان ئەوەندە لێکدوورە، من پێموایە خەڵک دڵیان لەیەک دوور نییە، ئەوە سنوورە سیاسییەکانە ئەو دوورخستنەوەیەی دروستکردووە، هۆکارێکی دیکەش ئەو رۆژئاوایی بوونەوەیە کە ئەوەندە چاومان لە رۆژئاوایە ئەوەندە چاومان لە دراوسێکانی خۆمان نییە. بەبڕوای من دەبێ لەسەر ئەو پرسە کار بکرێت. من ئارەزوومە کە لە کوردستان کۆنسێرتێکی تایبەت بەڕێوەببەم، کە بە دڵنیاییەوە کاری لەسەر دەکەین.
رووداو: ئەوە بەو مانایەیە کە نەینەوا لە کوردستان پێشکەش دەکەیت؟
حوسێن عەلیزادە: 100% ئێستا نۆتی نەینەوا چاپ کراوە، لەهەر شوێنێکی جیهان بیانەوێت نەینەوا دووبارە بکەنەوە ئێمە دەینێرین و دووبارە ئەو پارچە میوزیکە دەژەننەوە. ئۆرکێسترایەکی باش دەتوانن ئەو پارچە میوزیکە بژەننەوە، بۆ ئەوەی هەستێکی باشی هەبێت ئەگەری هەیە رێبەری ئۆرکێسترایەک لە ئێرانەوە بهێنین و من خۆم سەرپەرشتی بکەم. نەینەوا ئەگەرچی لە رواڵەتدا سادەیە، بەڵام هەر ئۆرکێسترایەک ئەو پاڕچە میوزیکەیان پێشکەشکردبێت و دووبارەیان کردبێتەوە گوتوویانە کە ئەمە یەکێکە لە سەختترین و ئاڵۆزترین پارچە میوزیکێک کە کاریان تێدا کردبێت بۆ ئەوەی کە ژەنینی نەینەوا دەبێت لەسەر هەستیش بێت نەک تەنیا نۆتەکان، نەینەوا دیالۆگی نێوان ئامێرەکانی میوزیکە کە دەبێت ژەنیارەکان هەست بەوە بکەن، تەنیا ئەگەر هەرکەس بیەوێت نۆتەکەی خۆی بژەنێت بەجوانی دەرناچێت، بۆیە بەدڵنیاییەوە دەبێت خۆم لەسەر کارەکە بم بۆ ئەوەی ئەو پارچە میوزیکە بەباشی پێشکەش بکرێت.
* چاوۆش، ئەنجوومەنێکی میوزیک بوو کە لەساڵی 1971 بە هەوڵی محەممەد رەزا لوتفی، ژەنیاری بەناوبانگی تار لە ئێران و بە پشتیوانی هوشەنگ ئیبتیهاج (سایە) شاعیرێکی بەناوبانگی ئێرانی، دروستکرا کە لە باشترین ژەنیارەکانی ئێران پێکهاتبوون. محەممەد رەزا شەجەریان و شەهرام نازری دوو لەو گۆرانیبێژە بەناوبانگانەی ئێران بوون کە لەگەڵ چاوۆش لەو سەردەمەدا کاریان دەکرد. چاوۆش 12 ئەلبۆمی میوزیکی بەرهەمهێنا و دەیان کۆنسێرتی لە شارەکانی ئێران پێشکەشکرد کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر میوزیکی کلاسیک و سوننەتی ئێران هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ