هەڤپەیڤین: یادۆ جوان
کورتە فیلمێکى دەرهێنەرى کورد رەزان یەشیلباش بەناوى "بێدەنگ" کە پێش دوو ساڵ لە فێستیڤاڵى فیلمى کان خەڵاتى (پاڵمى زێڕین) ی بۆ باشترین کورتە فیلم وەرگرت، سەرەتاى مانگى رابردوو لە بەرلین لە هۆڵى (Sprachenatelier) نمایش کرا. دەرهێنەر رەزان یەشیلباش کە 30 ساڵ دواى یەڵماز گونەى لە کان دەنگیدایەوە، لە فیلمى "بێدەنگ"دا باسى ژنێکى کورد دەکات کە لە ساڵى 1984 لەگەڵ سێ منداڵى خۆى لە ئامەد دەژیت و مێردەکەشى لە زیندانە. دواى نمایشکردنى فیلمەکەى، (رووداو) ئەم هەپڤپەیڤینەى لەگەڵ سازکرد.
رووداو: چۆن بڕیارت دا ببیتە دەرهێنەر؟
رەزان یەشیلباش: لە مێژبوو حەزم دەکرد بۆ ئایندەى خۆم وەکو پیشە شتێک بکەم. بەڵام بڕیارم نەدابوو چ بەشێکى هونەر هەڵبژێرم. ئەوکاتەى سەرباز بووم بڕیارمدا سینەما هەڵبژێرم. گرنگیى سینەما و ئەو کاریگەرییەى هەیەتى بەسەر کۆمەڵگەوە هانیدام ئەو بوارە هەڵبژێرم. مەسەلەکە ئەوەیە ئەگەر دەرهێنەرێکى باش فیلمێکى کاریگەر لەسەر کورد دروستبکات. دەتوانێت زیاتر لە کەسێک کە 30 ساڵ خەباتى کردبێت، کاریگەرى دروستبکات. لە نموونەى یەڵماز گونەیدا بینیمان ئەگەر مرۆڤ حەز بکات دەتوانێت هەر شتێک بکات. بۆیە گوتم سینەما دەخوێنم. دواى تەواوکردنى خوێندنى ئامادەیى، ناوم لە بەشى سینەما لە زانکۆى مەڕمەڕە دەرچوو. بکالۆریۆسم وەرگرت و ئێستا ماستەر دەخوێنم.
کوردى باکوور زۆریان پێشکەشی تورک کردووە 
رووداو: پەیوەندى تۆ و سینەما چۆن دەستیپێکرد؟
رەزان یەشیلباش: هەر لە منداڵییەوە حەزم لە سینەما بوو. یەکەم فیلمم لە سینەماى دیلان لە ئامەد بینى، کە ئەوکات تەمەنم 8 ساڵان بوو. فیلمێکى (رامبۆ) بوو. دواى تەواوبوونى فیلمەکە بە خۆمم گوت من رامبۆم. دواتر فیلمەکانى (ئیمرا) دەرکەوتن. بێگومان لەو نێوەدا چەند فیلمێکى (یەڵماز گونەى و تارق ئاکان)م بینى. بەڵام کە چوومە زانکۆ ئینجا زانیم سینەما چییە. لە زانکۆ بینیم کە تارکۆڤسکى، بەرگمان و کورۆساوا هەن. سەیرى سینەماى تورکیاشم کرد. لەوێ ئاشنا بووم بە کارەکانى نورى بلگە جەیلان، زەکى دەمرکوبوز و یەشم ئۆستاوغلو. زۆر سەرسام بووم بە کارەکانى زەکى دەمرکوبوز و نورى بلگە جەیلان. بۆیە بڕیارمدا لەگەڵ ئەو دوو دەرهێنەرە کار بکەم. بۆ من مەسەلەى وەستا و شاگرد زۆر گرنگ بوو. 6 ساڵ چاوەڕێى ئەوانم کرد، نەمتوانى بگەمە ئەوان. لە کۆتاییدا کاتێک کە فیلمێکم بۆ پڕۆژەى دەرچوون لە زانکۆ دروستکرد و لەگەڵ سیناریۆکەى لە رێى برادەرێکەوە گەیێندرایە زەکى دەمرکوبوز، گوتى با بێت و یەکدى بناسین. کاتێک کە یەکدیمان بینى، پێیگوتم فیلمەکەى تۆم بەدڵ بوو، ئەگەر رازیت دەتوانین پێکەوە کار بکەین. پێکەوە دەستمان بە کارکرد و یەکەم کاری پێکەوەمان فیلمى "حەسوودى" بوو. من وەکو یاریدەدەرى دەرهێنەر کارم کرد. ئەوە 5 ساڵە پێکەوە کار دەکەین. زۆر شتى لێوە فێربووم.
رووداو: بەڕاى تۆ جیاوازى ئەم ناوانە و دەرهێنەرکانى دیکە چییە؟
رەزان یەشیلباش: هەندێک کەس فیلم دروست دەکەن. بەڵام هەندێک کەسیش سینەما دروست دەکەن. ئەم کەسانەش سینەما دروست دەکەن. منیش حەزدەکەم سینەما دروست بکەم نەک فیلم. کاتێک فیلمێک دروست دەکەم، حەزدەکەم فەڕەنسى، ئیسپانى و ئەرژەنتینی بزانن من چى دەڵێم. من حەزدەکەم ئەوە بەزمانى کوردى دروستبکەم. کوردى زمانى دایکمانە و ئێمە لەلاى دایکى خۆمانین. ئەم ناوانەى کە من گوتم، بەڕاستیش ئەوان وەستاى ئەم کارەن و دەزانن ئەم کارە چۆن دروست دەبێت. ئەگەر لەلاى ئێمە، واتە لە باکوورى کوردستان دوو دەرهێنەرى کورد دەرکەوتبان و فیلمیان دروست بکردایە، ئەوە مەسەلەى کوردى زۆر پێشدەکەوت.
ئەگەر دوو دەرهێنەرى کورد لە باکوور هەبن دۆزى کورد زۆر پێشدەکەوێت 
رووداو: لە سینەمادا وێنە یان ناوەڕۆک گرنگترە؟
رەزان یەشیلباش: کاتێک کە تۆ بتەوێت لەڕێى سینەماوە باسى بابەتێک بکەیت، چیرۆک و ئەکتەر دەردەکەون. لەنێوان بینەر و ئەکتەردا پەیوەندییەک دروست دەبێت. ئەکتەرەکان چەند ریالیست بن، ئەوەندە دەتوانن کاریگەرى لەسەر بینەران بەجێبێڵن، زۆر کەس فیلم دروست دەکەن و دەیانەوێت راستەوخۆ باسى مەسەلەیەک بکەن. سینەما بۆ ئەوە نییە. کاتێک کە تۆ راستەوخۆ باسى مەسەلەیەک بکەیت، سینەما لەتەوەرەکەدا کاریگەرى خۆى لەدەست دەدات. بۆ نموونە ئەگەر تۆ بتەوێت فیلمێک لەسەر گرتووخانەى ئامەد دروست بکەیت و وێنەى مەیدانى ئەشکەنجەدان تۆمار بکەیت، دواى ماوەیەک ئەو دیمەنانە کاریگەری زۆرتر دروست دەکەن و ئەو بارودۆخە نۆرماڵیزە دەکرێت. لەلایەکى دیکەوە، بەڕاى من لە سینەمادا چیرۆک لە دیمەن گرنگترە. زۆر فیلم هەیە، تێیدا ئەستێرەى بەناوبانگ رۆڵ دەبینن. بەڵام هیچ شتێک بە مرۆڤ نابەخشن. بەڵام فیلمى "ساتێک بۆ مەستى ئەسپەکان" کە هیچ ئەستێرەیەکى تێدا نییە، فیلمێکى زۆرباشە، چونکە چیرۆکەکەى بەهێزە.
رووداو: تۆ تاوەکو ئێستا کارى دەرهێنانت بۆ دوو کورتە فیلم کردووە: حوکم و بێدەنگ. یەکێکى دیکەش بەڕێوەیە. لە هەرسێ چیرۆکەکەدا رۆڵى سەرەکى ژنان دەیگێڕن. بۆچى ژن؟
رەزان یەشیلباش: کاتێک کە تەمەنم 5 - 6 ساڵان بوو، سێ ژن لە دەورى من هەبوون. دایکم، داپیرم و پوورم. ئەوکات باوکم لە گرتووخانەدا بوو. سەیر بکە، دایکت رەنجێکى دیکەشى کێشاوە. لاسایى و کاریگەرى ئەوکات لە فیلمەکانمدا زۆر بەزەقى رەنگ دەداتەوە. جگە لەوەش هەست بە قوربانیدان و ماندووبوون و لاوازییەکانیان دەکەم. بۆیە حەز دەکەم پاڵەوانى چیرۆکەکانم ژن بن.
فیلمێکى باش هێندەی 30 ساڵ خەبات کاریگەرى هەیە 
رووداو:30 ساڵ دواى یەڵماز گونەى هەمان خەڵاتت وەرگرت، چ هەستێکت لەلا دروستبوو؟
رەزان یەشیلباش: بەڕاستى بۆ من شتێکى زۆر گرنگ بوو. گونەى گەورەى سینەمایە. دواى ئەو کەس ئەم خەڵاتەى وەرنەگرتبوو. دواى گونەى من وەرمگرت. لە ماوەی ئەو 30 ساڵەدا دوو خەڵات وەرگیرابوون و هەردووکیشیان بۆ دەرهێنەرانى کورد بوون. ئەوە بەتایبەتی بۆ کورد گرنگە و هەروەها بۆ تورکیش. کوردى باکوور سەرى تورکیاى زۆر بەرز کردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تورک هیچ قسەیەکى لەسەر ئەوە نەکردووە. ئێمە یەشار کەمال، ئەحمەد عارف و جەمال سورەیامان پێشکەش بە ئەوان کردووە. ئەم ناوانە ئەدەبیاتى ئەوانى کردووە بە ئەدەبیات. کورد زۆر پشتیوانى ئەوانى کردووە. ئێرە جێی ئەم باسە نییە، بەڵام ئەمانە کوردن. لەسینەماشدا دوو کورد خەڵاتى پاڵمى زێڕینیان هێنایە تورکیا. دواجار ساڵى رابردووش مامۆستا نورى بلگە جەیلان خەڵاتێکی وەرگرت، ئەویش باش بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ